پارێزگاری تاران: 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هانا سەعیدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری تاران رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکە، 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بوون، بەڵام دەڵێت بارودۆخی ئەمنی "جێگیرە."
 
ئەمڕۆ شەممە محەممەد موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، "بارودۆخی ئەمنیی پایتەخت [تاران] لە کۆنترۆڵدایە و بەهۆی پشتگیریی خەڵکەوە دۆخەکە باشە."
 
پارێزگاری تاران ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکان کرد و گوتی، "10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و زایۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بوون."
 
سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکان لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان، موعتەمیدیان گوتی، "هەرچەندە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی ژێرخانی سڤیل، بەڵام بەهۆی ئەو رێکارانەی بە پشتگیریی میللەت گیراونەتە بەر، رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی جیدی نەبووینەتەوە."
 
لە چواردەیەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەینی 13ی ئادار زیاتر لە 100 شوێن لەنێو شار و دەوروبەری تاران بۆردوومان کران. لە بەرەبەیانی هەینییەوە تاوەکو نیوەشەو، لە زیاتر لە 30 شوێنی تاران بە فڕۆکە و مووشەک، هێرش کراوەتە سەر ئامانجەکان.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ هەینی 5 فڕۆکەی بێفڕکەوانی ئیسرائیلی و ئەمریکی لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە خرانە خوارووە. بەپێی ئەو راگەیێندراوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە تائێستا 114 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە خراونەتە خوارەوە.
 
لە کاژێر سێ تاوەکو شەشی بەیانیی هەینی لە گەڕەک و شەقامەکانی (عەراقی، لەواسان، وەحید، سەیدخەندان، مونیرییە، مەرزداران، یوسف ئاباد، زەعفەرانییە، ئەبوزەر، پەرستار، دەوڵەتخا، جانبازان، سۆهرەوەردی، پاسداران، شەقامی پێنجەمی پیروزی، ئینقلاب، تێهرانسەر، دەوڵەت ئاباد، فەلاح، بەهار، فاتمی، کارگەری شوماڵی، شەهریار، سەتارخان، نازی ئاباد، سەعادەت ئاباد) دەیان شوێن بۆردوومان کراون.
 
ئەو کەسانەی هەواڵ و ڤیدیۆی بۆردوومانەکانیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، هەندێک لە ئامانجەکان سێ بۆ چوار جار بۆردوومان کراون و دەنگی تەقینەوەکانیش بەراورد بە رۆژانی رابردوو بەرزتربووە. هاوکات، هێرش کرایە سەر چەند ئامانجێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران.
 
پێشنیوەڕۆی هەینی لە ناوچەی (خاوەران)ـی تاران، لە نزیک رێوڕەسمی ناشتنی هەشت کەس لە هێزە کوژراوەکانی ئێران دا، درۆنێک تەقییەوە. هەروەها لە بەرامبەر یاریگەی ئازادیی تاران، شوێنێک کە دەگوترێ بنکەی جێگیربوونی هێزی تایبەتی پۆلیس بووە، کراوەتە ئامانج.
 
رۆژی هەینی لەنێو شاری تاران لە (چوارڕێیانی وەلی عەسر) و هەروەها لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی رێپێوانی (رۆژی قودس) لە تاران، چەند تەقینەوەیەک لە شەقامی فاتمی و لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران روویان دا.
 
شەوی هەینیش جارێکی دیکە بە فڕۆکە هێرشکرایەوە سەر تاران و شارەکانی دەوروبەری. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، چەندین شوێن لە گەڕەکەکانی (چیتگەر، گیشا، ئەقدەسییە، نەواب، سەتارخان، نیاوەران، ئێکباتان، لەویزان، شەهرەکی غەرب، سەعادەت ئاباد، مونیرییە، نۆوبونیاد، حەکیمییە و مێهرئاباد) و هەروەها لە ناوچەی لەواسانی شمیرانات چەندین شوێن بۆردوومان کراون.
 
میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران، هەروەها خاڵی سەرەکیی پۆلیسی هاتووچۆی تاران بەرەو کەرەج لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: سەرەڕای جەنگ، رێگریمان لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان کردووە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر "جەنگی سەپێندراو" و بوونی کێشە لە کەرتەکانی گواستنەوە و پەیوەندی، بەڵام حکومەتەکەی رێگەی نەداوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بوەستن