دۆخی نێوخۆی ئێران.. ئەسفەهان بە چڕی بۆردوومانکرا و 54 کەسیش بە تۆمەتی 'سیخوڕی" دەستگیران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی نێوان ئێران  لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، پێی نایە 15ـەیەمین رۆژییەوە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە،14-03-2026 زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕ هەشت پارێزگای ئێرانی هەژاند؛ هاوکات سوپای پاسداران تێکشکاندنی پێنج درۆنی پێشکەوتووی راگەیاند و لە تاران تەرمی دوو بەرپرسی باڵای سەربازی بە خاک سپێردران.
 
بۆردوومانی چڕی ئەسفەهان 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی شایەتحاڵان، شاری ئەسفەهان یەکێک بووە لەو شوێنانەی زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر. زنجیرە تەقینەوەکان لە کاژێر 13:50ـەوە دەستیان پێ کرد، دواتر لە کاژێر 14:40 ناوچەی پیشەسازیی "جەی" لە رۆژهەڵات و گەڕەکەکانی شێخ سدوق و پەرواز لە ناوەند و باشووری شارەکە کرانە ئامانج، دوایین دوو تەقینەوەش لە کاژێر 15:00 لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەسفەهان روویاندا.
 
 
جوگرافیای بۆردوومانەکان
 
تەنیا ئەسفەهان ئامانجی هێرشەکان نەبووە؛ تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی هەمەدان، بەندەرعەباس، تەورێز، کەرەج، ئەهواز، شیراز و جەهرۆم بیستراوە، لە تەورێز، دوای هۆشدارییەکی ئیسرائیل، ناوچەی پیشەسازیی "ئاخۆلا" بە سەختی بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە 5 کەس بریندار بوون.
 
بەرپەرچدانەوەی سەربازی و رێوڕەسمی بەخاکسپاردن
 
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی سێ کاژێردا پێنج درۆنی پێشکەوتووی جۆری (Orbiter 4, Hermes و MQ9)یان لە ئاسمانی تەورێز، تاران، ئەندیمەشک و بەندەرعەباس خستووەتە خوارەوە. بەمەش ژمارەی ئەو درۆنانەی تاران دەڵێت تێکیان شکاندوون، گەیشتە 114 درۆن.
 
هاوکات لە تاران، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا، تەرمی وەزیری بەرگری و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئێران بە خاک سپێردران، کە لە یەکەم رۆژی جەنگدا کوژرابوون.
 
ئاماری زیانەکان؛ 42 هەزار یەکەی مەدەنی تێکدراون.
 
رێکخراوی مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری زیانەکان لە یەکەم رۆژی شەڕەوە تاوەکو ئێستا بڵاوکردەوە:
 
• 42,914 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.
• 160 ناوەندی تەندروستی و 69 قوتابخانە بۆردوومان کراون.
• 195 قوتابی و کارمەندی پەروەردە گیانیان لەدەستداوە.
 
دەستگیرکردنی 54 "سیخوڕ"
 
لە تەنیشت شەڕی ئاسمانی، ئێران لە ناوخۆشدا هەڵمەتێکی ئەمنیی دەستپێکردووە. پۆلیسی ئاسایشی گشتیی ئێران رایگەیاند، لە 72 کاژێری رابردوودا 54 کەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕی و ئاژاوەگێڕی" دەستگیر کردووە. بە گوتەی پۆلیس، ئەو کەسانە هەوڵیانداوە وێنە و ڤیدیۆی شوێنە هەستیارەکان بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە بنێرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی نێو تاران دوای بۆردوومانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

پارێزگاری تاران: 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە

پارێزگاری تاران رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکە، 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بوون، بەڵام دەڵێت بارودۆخی ئەمنی "جێگیرە."