گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: گورزی کەمەرشکێن دەوەشێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیرەم هۆشیار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران قۆناخێکی نوێی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند. گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیاش هەڕەشەی وەشاندنی "گورزی کەمەرشکێن" دەکات و دەڵێت، "سەردەمی زۆرداریی نێودەوڵەتی کۆتایی هاتووە."
 
لە چەند کاژێری رابردووی ئەمڕۆ شەممە 14ی ئادار، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران 5 درۆنی ئیسرائیلییان لە ئاسمانی شارە جیاوازەکانی وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هێزەکە، سێ لەو درۆنانە لە جۆری "ئۆربیتەر 4" بوون و لە ئاسمانی تەورێز تێکشکێندراون، دوو درۆنی دیکەش لە جۆری "هێرمس" لە ئاسمانی تاران و ئەندیمشک کراونەتە ئامانج.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تاران، لە دەستپێکی ئەم گرژییانەوە تاوەکو ئێستا 114 درۆنی جۆراوجۆر لە ئاسمانی ئێران خراونەتە خوارەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "بەڵێنی سادق 4"ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا لە سێ شەپۆلی جیاوازدا (47، 48 و 49) هێرش کراوەتە سەر ئامانجەکان، لە شەپۆلی 47 بە مووشەکی سووتەمەنیی شل و رەق، بیابانی نەقەب، بیرشێبا، بنکەی نۆڤاتیم لە ئیسرائیل، بنکەی عەدیدی ئەمریکی لە قەتەر و "چەند حەشارگەیەکی هێزەکانی کۆمەڵە" کرانە ئامانج. هەروەها لە شەپۆلی 48 بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و بە بەکارهێنانی مووشەکی "خەیبەرشکێن" و درۆنی خۆکوژ، هێرش کرایە سەر جەلیل، جۆلان و حەیفا لە باکووری ئیسرائیل، لەگەڵ چەند بنکەیەکی ئەمریکی. لە شەپۆلی 49 یەکەکانی مووشەکی و درۆنیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بنکەکانی (ئەلزەفرە لە ئیمارات، شێخ عیسا لە بەحرێن و بنکەی عەدەیری)یان کردە ئامانج. لەم شەپۆلەدا رادارەکانی پاتریۆت، بورجەکانی چاودێری و کۆگاکانی سووتەمەنی و کەرەستەی سەربازی پێکراون.
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئامادەیی تەواودان و چیتر بۆ وەشاندنی "گورزی کەمەرشکێن" چاوەڕوان نابن. جەختی کردەوە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن، "سەردەمی زۆرداریی نێودەوڵەتی کۆتایی هاتووە و هەر جموجۆڵێک وەڵامی تووندی دەبێت."
 
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دوو هەفتەیە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە