هێزە چەکدارەکانی ئێران: تاوەکو ئێستا 118 درۆنی ئەمریکاییمان خستووەتە خوارەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی سەربازیی ئێران رایدەگەیێنن، بە درۆنی "خاڵپێک" چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج و هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانی سڤیل لە حەشارگەی سەربازانی ئەمریکا دووربکەونەوە.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفیقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران 50ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"یان بە درووشمی (یا زەهرا) دژ بە بنکەکانی ئەمریکا لە (ئەلزەفرە، فەجیرە، جوفەیر، عەلی سالم و ئەلئەزرق) جێبەجێ کردووە.
 
بەگوتەی زولفیقاری، لەم ئۆپەراسیۆنەدا درۆنە تێکشکێنەرەکانیان نەک تەنیا بنکەکان، بەڵکو ئەو رادارانەشیان کردووەتە ئامانج کە رۆڵی پارێزەریان بۆ ئیسرائیل هەبووە. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند کاژێری رابردوودا، چوار درۆنی دیکەی ئەمریکایی و ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە، کە بەوەش کۆی گشتیی ئەو درۆنانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە لەلایەن ئێرانەوە خراونەتە خوارەوە گەیشتووەتە 118 درۆن و فڕۆکە.
 
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی پەنای بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی پیشەسازیی سڤیل بردووە.
 
گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی خەڵکی سڤیل کرد و گوتی: "داوا لە خەڵک دەکەین لەو ناوچە پیشەسازییانە دووربکەونەوە کە ئەمریکا پشکی تێیاندا هەیە، یان ئەو شوێنانەی سەربازانی ئەمریکای تێدا حەشار دراوە، بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات."
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە درۆنەکانیان "خاڵ بە خاڵ" بەدوای شوێنی سەربازانی ئەمریکاوەن و "بە وردی هێرش دەکەنە سەر یەکە بە یەکەیان لە ناوچەکەدا."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە