رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر شاری تاران، دوو بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی ئێرانیان کوشتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند رۆژێک بوو ئەو دوو بەرپرسە لە شوێنی سەرۆکی پێشووی هەواڵگری دەستبەکار بووبوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەو دوو بەرپرسەی کوژراون بریتین لە (عەبدوڵڵا جەلالی نەسەب) و (ئەمیر شەریعەت). هەردووکیان ئەفسەری باڵا بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی خاتەمولئەنبیا، کە ژووری ناوەندیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئێرانە. ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، هێرشەکە رۆژی هەینی 13-03-2026 کراوە.
ئەم دوو ئەفسەرە وەک جێگرەوەی (ساڵح ئەسەدی) دیاریکرابوون، کە سەرۆکی بەشی هەواڵگریی خاتەمولئەنبیا بوو و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگدا لە 28ـی شوبات، لە کاتی گورزە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر)ـی ئیسرائیل کوژرا.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "هەردووکیان زۆر نزیک بوون لە سەرکردایەتیی رژێمی تێرۆریستی ئێران."
بەگوێرەی ئیسرائیل، ئەرکی سەرەکیی ئەم دوو ئەفسەرە شیکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و پێشکێشکردنی هەڵسەنگاندنی رۆژانە بووە بۆ بەرپرسە ئەمنییە باڵاکان، تاوەکو لە سەر ئەو بنەمایە پلانی جەنگ دژی ئیسرائیل دابڕێژن.
ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، هەر لە دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 28ـی شوباتەوە، توانیویانە بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی باڵای ئێران لەناو ببەن، لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئەو وڵاتە، کە لە یەکەم شەپۆلی بۆردومانەکاندا لە تاران کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ