ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا: کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە دەکەینە خۆڵەمێش

14-03-2026
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رادەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، تەواوی ئەو کێڵگە نەوتییانەی ناوچەکە تێکدەشکێنن کە پشکی ئەمریکایان تێدایە.
 
شەممە 14-3-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا (باڵاترین ناوەندی فەرماندەیی سەربازی لە ئێران) هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن کرد. راگەیێندراوەکە بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات، کە ئاماژەیە بۆ "وەڵامدانەوەی دەستدرێژی بە هەمانشێوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا، کە وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا وەسفکراوە، هاتووە: "لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانی نەوتی، ئابووری و وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو ئەو ژێرخانە نەوتی، ئابووری و وزەییانەی سەر بە کۆمپانیاکانی ناوچەکە کە پشکی ئەمریکایان تێدایە یان هاوکاریی ئەمریکا دەکەن، دەستبەجێ لەناودەبرێن و دەکرێنە تەلێک لە خۆڵەمێش."
 
ئەم هۆشداریییەی خاتەمولئەنبیا دوای بۆردوومانکردنی دوورگەی خارک بوو لەلایەن ئەمریکاوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی شەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کردووە و تێیدا دوورگەی خارکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی (خارک) کە گرنگترین ناوەندی ستراتیژیی ئێرانە، بە تەواوەتی لەناوبراون و وێران کراون. ترەمپ گوتی: "چەکەکانمان بەهێزترین و پێشکەوتووترینن کە جیهان تاوەکو ئێستا دیتبێتی."
 
خارک، دوورگەیەکی بچووکە بەڵام ستراتیژیترین و گرنگترین دووگەی ئێران و تەنانەت کەنداویشە، لەبەر ئەوەی 90٪ ی پانتایی ئەم دوورگەیە بۆ پیشەسازیی نەوت تەرخان کراوە، زۆربەی دانیشتووانە 8 هەزار کەسییەکەی فەرمانبەر و کرێکاری کەرتی وزەن و زۆرجار لە نێو ئێرانییەکاندا بە (دوورگە قەدەخەکراوەکە) ناوی دەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە قوتابخانەیەکی ئێران

وەزارەتی پەروەردەی ئێران: ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان هەیە

بەهۆی دۆخی ئەمنی و سێبەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، وەزارەتی پەروەردەی ئێران چەند بڕیارێکی بەپەلە و چارەنووسساز بۆ قوتابیان دەردەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، ئەگەر دۆخەکە رێگەنەدات، تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان ناکرێن و سیستمێکی جێگرەوە جێبەجێ دەکرێ