رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادە نییە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی تاران ئارەزووی خۆی بۆ ئاگربەست نیشانداوە.
ترەمپ گوتی: "مەرجەکان هێشتا هێندە باش نین رێککەوتنیان لەسەر بکرێت." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، هەر بۆ خۆشی لەوانەیە چەند جارێکی دیکە لە دوورگەی خارگی ئێران بدەنەوە.
لەم هەڤپەیڤینە تەلەفۆنییەدا کە نزیكەی 30 خولەکی خایاند، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک زانیاریی نوێی لەسەر ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا و دۆخی ناوچەکە بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی باسکرد.
رەتکردنەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران
ترەمپ جەختی کردەوە، ئێستا کاتی کۆتاییهێنان بە جەنگ نییە و گوتی: "ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام من نامەوێت، چونکە مەرجەکان هێشتا باش نین." کاتێک پرسیاری لێکرا مەرجەکان چین، گوتی: "نامەوێت ئەوەت پێ بڵێم، بەڵام دەبێت زۆر پتەو بن." ترەمپ تەنیا رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشاندا دەبێت "وازهێنانی تەواوەتی لە بەرنامەی ئەتۆمی" بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو.
چارەنووسی تەنگەی هورمز و نەوتی جیهان
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خەریکی کارکردنە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز. سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵدا نووسیویەتی: "زۆر وڵات، بەتایبەتی ئەوانەی بەهۆی هەوڵی ئێران بۆ داخستنی تەنگەکە زیانیان بەرکەوتووە، کەشتیی جەنگی دەنێرن تاوەکو پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا تەنگەکە بە کراوەیی و سەلامەتی بهێڵینەوە." ترەمپ هیوای خواست وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەریتانیا کەشتی بنێرن.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات، گوتی: "نامەوێت هیچت لەو بارەیەوە پێ بڵێم، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە."
تەختکردنی دوورگەی خارگ؛ "بۆ خۆشی لێی دەدەینەوە"
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دوورگەی خارگیان خاپوور کردووە. هەرچەندە سێنتکۆم گوتبووی ئامانجە سەربازییەکانیان پێکاوە و ژێرخانی نەوتیان پاراستووە، بەڵام ترەمپ گوتی: "ئێمە دوورگەی خارگمان بە تەواوەتی وێرانکرد، بەڵام رەنگە چەند جارێکی دیکەش لێی بدەینەوە تەنیا بۆ خۆشی." ترەمپ هەروەها گوتی، دەستی لە کەرتی وزە نەداوە چونکە بنیادنانەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت.
گومان لە زیندوو مانەوەی موجتەبا خامنەیی
ترەمپ باسی رێبەری نوێی ئێرانی کرد و گوتی: "من نازانم ئەو تەنانەت لە ژیاندا ماوە یان نا. تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە نیشانی بدات." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بیستوویەتی موجتەبا خامنەیی مردووە، بەڵام گوتی، ئەمە جارێ تەنیا "دەنگۆیە". گوتیشی: "ئەگەر لە ژیاندا مابێت، دەبێت کارێکی ژیرانە بۆ وڵاتەکەی بکات، ئەویش خۆبەدەستەوەدانە."
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێشتر گوتبووی موجتەبا خامنەیی "بریندارە و رەنگە رووخساری تێکچووبێت،" هەر بۆیە راگەیێندراوەکەی بە نووسراو بڵاوکردووەتەوە نەک بە ڤیدیۆ.
سەرسوڕمان لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێکانی
ترەمپ رایگەیاند، سەری سوڕماوە کاتێک بینیویەتی ئێران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی وەک ئیمارات، قەتەر و سعودیە و گوتی: "ئەمە گەورەترین هەژەند بوو بۆ من لەم هەموو رووداوەدا." بەپێی ئامارەکان، تەنیا تاوەکو 10ـی ئادار، ئێران 1,475 درۆنی ئاراستەی ئیمارات کردووە.
نرخی بەنزین و هەڵبژاردنەکان
سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین رەتکردەوە (کە لە 2.94 دۆلارەوە بۆ 3.66 دۆلار بەرزبووەتەوە). ترەمپ گوتی: "من هیچ نیگەران نیم. پێموایە نرخەکان لەوەی پێشتریش هەبووە نزمتر دەبنەوە، هەر کە جەنگەکە کۆتایی هات."
هێرش بۆ سەر زیلینسکی و پەیوەندی بە رووسیاوە
ترەمپ لەم هەڤپەیڤینەدا بە تووندی رەخنەی لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و گوتی: "پێم سەیرە کە زیلینسکی نەیەوێت رێککەوتن بکات. پێی بڵێن رێککەوتن بکات چونکە پووتین ئامادەیە. رێککەوتن لەگەڵ زیلینسکی زۆر سەختترە وەک لە پووتین."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، ئەوان پێویستیان بە یارمەتیی ئۆکرانیا نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ئێران و گوتی: "دوایین کەس کە پێویستمان بە یارمەتی بێت لێی، زیلینسکییە." سەبارەت بە هاوکارییەکانی رووسیا بۆ ئێرانیش، گوتی: "رەنگە رووسیا زانیاری بداتە ئێران، رەنگە نەشیدات، بەڵام ئێمەش هەمان شت دەکەین و کەمێک زانیاری دەدەینە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوانیاندا دروست بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ