رووداو دیجیتاڵ
سەردار نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە رۆژانی سەرەتای شەڕدا وڵات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی نەبوو و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانیش شەهید بوون، بەڵام ئێران تووشی هەرەسهێنان نەبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، گوتەبێژی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران، ئاماژەی بە خەمڵاندنەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "پێشبینی ئەمریکییەکان وابوو کە بە شەهیدبوونی رێبەری باڵا، وڵات تووشی داڕمانی سیاسی دەبێت. هەروەها هەڵسەنگاندنی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بۆ شەڕەکە، شەڕێکی سنووردار و کورتخایەن بوو، وایان دەزانی هەرگیز نابێتە شەڕێکی فراوان لە ناوچە جیاوازەکاندا."
سەردار نائینی دەڵێت، پلانی ئەمریکا دروستکردنی پشێویی خێرا بوو لە نێوخۆی وڵات و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورەی جیهانی دژی ئێران، بەڵام "بە پشتیوانیی خودا و بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، رێبەری شۆڕش هەڵبژێردرا و بە هەمان رووحیەتی دژە سەرمایەداری و گوتاری بەرگرییەوە هاتە مەیدان."
"10 فڕۆکەی جەنگی و 4 سیستمی تادی ئەمریکی تێکشکێندراون"
سەردار نائینی، ئامارێکی نوێی لەبارەی زیانەکانی لایەنی بەرامبەر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 فڕۆکەی جەنگیی دووژمن یان خراونەتە خوارەوە یانیش بە وردی پێکراون، لە رووبەڕووبوونەوەکاندا 4 سیستمی بەرگریی "تاد" (THAAD)ی ئەمریکی تێکشکێندراون و 200 خاڵی ستراتیژیی دووژمنیش لەلایەن هێزەکانیانەوە پێکراون."
سەبارەت بە زیانە دەریاییەکانیش، نائینی رایگەیاند، 18 کەشتیی جەنگی و نەوتهەڵگری دووژمن پێکراون. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم شەڕە بارگرانییەکی گەورەی ئابووری بۆ دووژمن دروستکردووە و تێچووی رۆژانەی شەڕەکە گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار."
"مووشەکی 10 پێش ئێستامان بەکارهێناوە و مووشەکە نوێیەکان لە کۆگەدان"
سەردار نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران راشیگەیاند، زۆربەی ئەو مووشەکانەی ئێستا لەلایەن هێزەکانیانەوە دەهاوێژرێن و بەکاردەهێندرێن، 10 ساڵ پێش ئێستا دروستکراون.
گوتیشی: "زۆربەی ئەو مووشەکانەی دوای شەڕی 12 رۆژە بەرهەم هێنراون، هێشتا بەکارنەهێنراون و لە کۆگەکاندان."
گوتەبێژی سوپای پاسداران، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 700 مووشەک و 3600 درۆنمان ئاراستەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ