عێراقچی: دوایین جار لە جنێڤ زۆر نزیک بووین لە رێککەوتن و هێرش کرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا وردەکاریی لەسەر بەرەکانی جەنگ و شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئاشکرا کرد. عێراقچی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی خاکی وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێناوە و جەختی کردەوە، تاران بە ستراتیژیی "چاو بە چاو" وەڵامی هەموو هێرشەکان دەداتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەڤینێک لەگەڵ کەناڵی (ئێم ئێس ناو)ـی ئەمریکی شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکانی سەر دوورگەی خارگ و ئەبو موسای ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو لە لایەن هێزەکانمانەوە چاودێری کران و روونبووەوە کە لە دوو شوێنی ناو خاکی ئیماراتەوە کراون؛ یەکێکیان لە (رەئسولخەیمە) و ئەوی دیکەیان لە شوێنێکی زۆر نزیک لە شاری دوبەی بووە." 
 
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا سیستەمی مووشەکی هیمارس (HIMARS)ی لە ناوچە قەرەباڵخەکانی ئیمارات بەکارهێناوە بۆ لێدانی ئێران، ئەمەش بە گوتەی ئەو "تەواو قبووڵنەکراوە".
 
هەڕەشە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا
 
عێراقچی هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی کرد و رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان بڕیاریان داوە تۆڵە بکەنەوە. هەر ژێرخانێکی وزە لە ناوچەکەدا کە سەر بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بێت، یان ئەمریکییەکان پشکیان تێیدا هەبێت، دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی ئێمە."
 
سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمز، عێراقچی گوتی: "تەنگەی هورمز دانەخراوە، تەنیا بە رووی کەشتی و نەوتهەڵگرە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانیاندا داخراوە. وڵاتانی دیکە ئازادن لە تێپەڕبوون، بەڵام زۆربەیان لەبەر نیگەرانیی ئەمنی خۆیان نایەن."
 
تەندروستیی موجتەبا خامنەیی و سەقامگیریی سیستم
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە برینداربوونی موجتەبا خامنەیی دەکەن و گوتی: "ئەمانە بانگەشەی بێ بنەمان. رێبەری باڵا خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیەتی بەپێی دەستوور." 
 
عێراقچی جەختی کردەوە، سیستمی کۆماری ئیسلامی "دەوڵەتێکی قووڵە" و بەند نییە بە تاکەکانەوە، تەنانەت دوای کوژرانی عەلی خامنەییش هەموو شتێک بە رێکی و لەژێر کۆنتڕۆڵدا ماوەتەوە.
 
عێراقچی بە راشکاوی باسی لە هاوکارییەکانی مۆسکۆ و پەکین کرد و گوتی: "رووسیا و چین هاوبەشی ستراتیژیی ئێمەن. ئێمە هاوکاریی نزیکمان لە هەموو بوارەکاندا هەیە، لەوانەش هاوکاریی سەربازی و ئەمەش بەردەوام دەبێت."
 
رەخنە لە ئەنجوومەنی ئاسایش
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە "نا دادپەروەر" وەسف کرد، چونکە سەرکۆنەی ئێرانی کردووە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام سەرکۆنەی ئەمریکا و ئیسرائیلی نەکردووە کە جەنگەکەیان دەستپێکردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەنجوومەنەکە بە شێوەیەکی سیاسی و لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتانی دیاریکراو دەنگ دەدات، نەک لەسەر بنەمای راستییەکان."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ئێران لە فڕۆکەخانە و بەندەرە سڤیلەکان دەدات، عێراقچی گوتی: "ئێمە لە خاکی ئەو وڵاتانەوە هێرشمان دەکرێتە سەر. ئەمریکا هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک لە (میناب) و دوو رۆژ لەمەوبەریش بانکێکیان لە تاران پێکاوە. بۆیە ئێمە تەنیا بنەمای (چاو بە چاو) پەیڕەو دەکەین و لەو باڵەخانانە دەدەین کە سەر بەوانن لە شارەکانی دەوروبەرمان."
 
عێراقچی لە کۆتایی قسەکانیدا پەردەی لەسەر رۆژانی کۆتایی پێش جەنگ لادا و گوتی: "لە 26ـی شوبات لە جنێڤ، ئێمە و وەزیری دەرەوەی عومان گەیشتبووینە پێشکەوتنێکی بەرچاو. من هەرگیز هەڕەشەی دروستکردنی بۆمبم نەکرد، بەڵکو پێمگوتن ئێمە 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 60٪مان هەیە و ئامادەین رادەستی بکەین یان رێژەکەی کەم بکەینەوە. ئەمە سازشێکی زۆر گەورە بوو کە ئێمە پێشکێشمان کرد." عێراقچی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست قسەکانیان شێواندووە تاوەکو پاساو بۆ هێرشەکانیان بهێننەوە و گوتی: "راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە زۆر زۆر نزیک بووین لە رێککەوتن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە