عێراقچی: ئەمریکا لە ئامانجەکانی جەنگدا سەرلێشێواوە و دەیەوێ گفتوگۆکان بەردەوام بن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لە لێدوان و گوتارەکانی ئەمریکا دەگرێ و بە "دژبەیەک و نائەقڵانی" ناویان دەبات؛ ئاشکراشی دەکات کە واشنتن سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی تاران، هێشتا دەیەوێ لە گفتوگۆ بەردەوام بێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێستا ئەو پەیامە ناکۆکانەیە کە بەردەوام لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەردەچن. عێراقچی جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە گوتارە نائەقڵانییانە بە تەواوی پێچەوانەی هەر پڕۆسەیەکی دانوستاندن یان رێڕەوێکی دیپلۆماسییە کە هەوڵی بۆ دەدرێ.
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران دەکەن لە لایەن ئەمریکاوە، عێراقچی روونیکردەوە کە پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی "قبووڵنەکراوی" وەڵامەکەی تاران، پەیوەندی بە چەند رۆژ لەمەوبەرەوە هەیە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "دوای ئەو هەڵوێستەی ترەمپ، دووبارە پەیاممان لە لایەنی ئەمریکییەوە پێگەیشتەوە کە تێیدا ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و پەیوەندییەکان نیشانداوە."
 
عێراقچی تیشکی خستە سەر ناکۆکیی نێوان لێدوانە سەربازییەکانی ئەمریکا و گوتی: "ئەوان جارێک دەڵێن دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان بە تەواوی وێران کردووە، کەچی ئێستا دووبارە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانە دەکەنەوە." وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانە دژبەیەکانە ئاماژەیەکی روونن بۆ قووڵیی سەرلێشێوانی ئەمریکییەکان لەبارەی ئامانجەکانیان لەم جەنگەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە