ئێران داوا دەکات دەست بەسەر سامانی ئەو کەسانەدا بگیرێ هاوکاری ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەو کەسانەی لە کاتی جەنگدا "هاوکاریی دووژمن" دەکەن و دەڵێ، دەبێت سەرجەم موڵک و دارایی ئەو کەسانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هاوکاری "دووژمنی دەستدرێژکار" دەکەن، بەپێی یاسا دەستی بەسەردا بگیردرێ.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای دادوەریی وڵاتەکەیدا رایگەیاند: "پێویستە بە خێرایی و بێ هیچ سستییەک، سزای ئەو کەسانە جێبەجێ بکرێ کە لەم دۆخی جەنگ و ئاڵۆزییانەدا دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی خەڵک یان پەیوەندییان بە دووژمنەوە هەیە."
 
ئێژەیی گوتی، دۆخی جەنگی نابێت ببێتە هۆکار بۆ پەککەوتنی کاروباری یاسایی خەڵک و گوتی: "بە کارێکی جیهادییانە و زیاتر لە ئەرکی ئاسایی، دەبێت بۆ هەمووانی بسەلمێنین کە تەنانەت جەنگیش نابێتە هۆی داخستنی دەرگای دادگاکان. ئەگەر ناوەندێکی دادوەری بەهۆی وێرانکارییەکانی جەنگەوە زیانی بەرکەوتبێت، دەبێت کارەکانی لە شوێنێکی دیکە یان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بن."
 
لەبارەی پێدانی مۆڵەتی چوونە دەرەوە بە زیندانییان، سەرۆکی دەزگای داد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیندانییانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە دەتوانن سوودمەند بن، بەڵام "ئەو کەسانەی ئاسایشی کۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت مۆڵەتیان پێ بدرێت."
 
ئەم لێدوانانەی ئێژەیی لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست. دوای ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، تاران چەندین جار وەڵامی داونەتەوە و هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی فریاکەوتن سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارن. وێنە: AP

فریاکەوتنی خێرای تاران: لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە 500 کەس کوژراون

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای تاران نوێترین ئاماری قوربانیانی شەڕ لە سنووری پارێزگای تاران رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بریندار بوون و زیاتر لە 500 کەسیش کوژراون.