رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز بەڕووی ئەو وڵاتانەدا دادەخرێت کە دەیانەوێت زیان بە ئێران بگەیێنن، رێگەش نادرێت ئەو تەنگەیە بۆ هیچ هێرشێکی سەربازی دژی تاران بەکاربهێندرێت.
رۆژی دووشەممە 16-03-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هیچ وڵاتێکی کەناراو رێگە نادات کەشتیی جەنگیی دووژمن بۆ بەهێزکردنی خۆی و ئەنجامدانی هێرش، بە ئاسایی لە ئاوەکانیدا هاتووچۆ بکات، بۆیە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وردی چاودێریی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن."
ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە و تاران چەندین جار رایگەیاندووە، رێگە نادات هیچ وڵاتێک خاک و ئاوی ناوچەکە بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنێت.
بەقایی نایشارێتەوە دۆخی تەنگەکە نائاساییە، بەڵام دەڵێت، "هیچ وڵاتێکی کەناراو لە بارودۆخێکی وەهادا ناتوانێت رێگە بدات کەشتی و بەلەمە جەنگییەکانی دووژمن بۆ بەهێزکردنی خۆیان و بۆ هەنگاوی دەستدرێژیکارانە دژی وڵاتە کەناراوەکە، هاتووچۆیەکی ئاساییان هەبێت."
لە بەرامبەر بۆچوونی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە وڵاتان دەکات هاوکاریی بکەن لە پاراستنی تەنگەکە، بەڵام چەند وڵاتێك رەتیان کردووەتەوە، لەنێویاندا فەرەنسا، ئوسترالیا و ژاپۆن، بەڵام چەند وڵاتێکی دیکە دەڵێن، هەڵیدەسەنگێنن، لەنێویاندا بەریتانیا و کۆریای باشوور.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "نابێت بتوانن تەنگەی هورمز بەکاربهێنن بۆ گورز وەشاندن لە ئێران. ئەمە شتێکی لۆژیکییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پەسەند کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ