رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، چەندین هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون. دەشڵێت: "هەندێک وڵاتی دراوسێ کە بنکەی ئەمریکایان تێدایە، بە شێوەیەکی چالاک هانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەدەن."
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، لەو بۆردوومانانەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەکرێنە سەر ئێران، "سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوژراون، کە زیاتر لە 200 منداڵیان لەنێودایە."
وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و گوتی: "راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەندێک وڵاتی دراوسێ، کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و رێگە بە هێرشکردنە سەر ئێران دەدەن، بە شێوەیەکی چالاک هانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەدەن." عێراقچی جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو وڵاتانە "بە زووترین کات هەڵوێستەکانیان روون بکەنەوە."
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە کاتێکدایە، کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. تاران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، چەندین وڵاتی کەنداوی بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە هێزەکانی ئەمریکا خاکی ئەو وڵاتانە بۆ لێدانی ئێران بەکاردەهێنن.
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا زۆرتر لە دوو هەزار کەس کوژراون. لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکا بە فەرمی کوژرانی 13 سەربازی خۆی لەم جەنگەدا راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ