رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر باڵەخانەیەک، باڵەخانەکە خاپوور بووە. دیار نییە زیانە گیانییەکانی بۆردوومانەکە چی بوون، بەڵام لە وێنەکاندا ناوچەیەکی تەواو وێرانکراو دەردەکەوێت لەگەڵ پاشماوەی یاریی منداڵان.
بەرپرسانی پارێزگای مەرکەزیی ئێران رایدەگەیێنن، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سێ ناوچەی جیاوازی پارێزگاکە، 5 کەس کوژراون و 7ی دیکەش بریندار بوون.
جێگری پارێزگاری مەرکەزی رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئاداری 2026، کاژێر 04:30 خولەک، ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە گوندێکی دەوروبەری شاری ئەراک کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.
هاوکات لە شارۆچکەی مەحەلات، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان. بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە.
هەر لە چوارچێوەی هێرشەکاندا بۆ سەر پارێزگای مەرکەزی، قوتابخانەی "شاهید ئیمام رەزا" لە شاری خومەین کرایە ئامانج. ئەگەرچی هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی زۆری بە خانوو و باڵەخانەکانی دەوروبەری قوتابخانەکە گەیاندووە.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل چووەتە قۆناخێکی نوێوە و تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی پێکدادانەکانەوە، زیانێکی زۆری گیانی و ئابووری لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ