رووداو - دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل کە هەر هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ، هاوکێشەی وزە لە جیهاندا دەگۆڕێت. هاوکات گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایدەگەیێنێت کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سووردا ئامانجی رەوایانن.
عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند: "ئێران پێشتریش لە تەنگەی هورمز تاقی کراوەتەوە. ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕۆیە نرخێکی نوێی بۆ نەوت دیاری کردبێت، ئەوا هێرشکردنە سەر دوورگەی خارگ هاوکێشەیەکی نوێ و قورستر بۆ دابەشکردنی وزە لە جیهان دەهێنێتە ئاراوە."
هاوکات ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران، ئامادەیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"ی ئەمریکی لە دەریای سوور وەک هەڕەشە بۆ سەر تاران ناوبرد و گوتی: "تەواوی ناوەندە لۆجستی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو کەشتییە لە دەریای سوور، وەک ئامانجی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەژمار دەکرێن."
ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە جەنگەکە چووەتە قۆناخێکی نوێ. دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران و راگەیاندنی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنگەکە وڵاتانی ناوچەکەی گرتوەتەوە.
هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتەی هان داوە بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز دابخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ