رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانی ئاسمانی ئێران، رەتی کردەوە ناوچەی قەدەخەی فڕین لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، راگەیێندرابێت و دەڵێت "سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانی وڵات کراوەن و هیچ سنوورێک بۆ گەشتە ئاسمانییەکان دانەنراوە."
کۆمپانیای فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانیی ئاسمانی ئێران، رۆژی دووشەممە (15-4-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە ئاساییبوونی ئاسمانی ئێران بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانی وڵات کراوەن و هیچ سنووردارکردنێک بۆ گەشتە ئاسمانییەکان دانەنراوە."
کۆمپانیای فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانیی ئاسمانی ئێران ئەو زانیارییانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە راگەیاندنی ناوچەی قەدەخەی فڕین لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە، رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو هەواڵانە راست نین و هەر ئاگادارییەکی نوێی فڕۆکەوانی هەبێت، لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەخانەکانەوە بە فەرمی بڵاودەکرێتەوە."
دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کە بە 310 مووشەکی بالیستیک و درۆن کرا، زانیاری و هەواڵی وا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرانەوە؛ لە ئاسمانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە رۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆدەگرێت، ناوچەی قەدەخەی فڕین راگەیێندراوە.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14ـی نیسانی 2024 رایگەیاند؛ بە ئاراستەکردنی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستەکردنی ئەو مووشەک و درۆنانە وەڵامێکە بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ