رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی ناسراو بە "ئینتەرنێتی پرۆ" تەنیا رێکارێکی کاتی و فریاگوزاری بووە لە کاتی شەڕ و گرژییە ئەمنییەکاندا. دەشڵێت، حکومەت دژی هەر جۆرە جیاکارییەک و پۆلێنکردنێکە لە پێدانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بە هاووڵاتییان.
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 رایگەیاند، حکومەت بە باشی درک بەوە دەکات کە هەر جۆرە جیاکارییەک لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە کۆمەڵگە و ناڕەزایەتیی گشتی.
لەبارەی پاساوەکانی پشت دروستبوونی "ئینتەرنێتی پرۆ" کە تایبەتە بە بازرگانان و خاوەن پیشەکان، موهاجیرانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم میکانیزمە پێش دەستپێکردنی شەڕ لەلایەن کۆمیتەیەکی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی پەسند کرابوو. ئامانج لێی ئەوە بووە لەو قۆناخە هەستیارەدا دەستڕاگەیشتنێکی جێگیر بۆ ئەو کۆمپانیایانە دابین بکرێت کە کارەکانیان گرێدراوی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتییە، تاوەکو چالاکییە ئابوورییەکانی وڵات بە تەواوی رانەوەستن.
گوتەبێژەکە گوتیشی، "پڕۆژەی ئینتەرنێتی پرۆ هەرگیز بە واتای دروستکردنی پێکهاتەیەکی هەمیشەیی بۆ پۆلێنکردنی ئینتەرنێت نەبووە."
پێشتر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاندبوو، ئینتەرنێت بەشێکە لە ژیانی رۆژانە، پەروەردە و بژێویی خەڵک. هەر بۆیە، محەممەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی خۆی وەک "سەرۆکی رێکخراوی تایبەتی رێکخستن و رێبەریکردنی سۆشیاڵمیدیای وڵات" دەستنیشان کردووە، تاوەکو بە شێوەیەکی خێرا و هاوسەنگ، مافی هاووڵاتییان و ئاسایشی سایبەری بپارێزرێت.
78 رۆژ بەسەر بڕانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا تێدەپەڕێت. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران، بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە زیانی 440 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بە ژێرخانی بازرگانی دیجیتاڵی وڵاتەکە گەیشتووە، لەوانە 385 ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی حکومی و 55 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زیان بەر کەرتی تایبەت کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ