رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی میدیای سوپای پاسداران ئیسرائیل هێرشێکی ''قورسی'' کردووەتە سەر شاری مەشهەد. ئاماژە بەوەش دەکات، ''سیستمی بەرگریی ئاسمانی کاراکراوە و بەرپەرچی هێرشەکە دراوەتەوە.''
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18-06-2025 میدیای سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری مەشهەد بیستراوە و لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەیەک.
میدیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە قورسی بەرپەرچی هێرشەکە دەداتەوە، ''بەڵام ژمارەی ئامانجەکان زۆرن''.
بە گوێرەی زانیارییەکان، جیا لە مەشهەد دەنگی "تەقینەوەی بەهێز" لە چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بیستراوە.
هێرشەکە لەکاتێکدایە کە جەنگی راستەوخۆی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ پێی ناوەتە پێنجەم رۆژەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
لە دوایین پێشهاتەکاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشگەز بووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا کوژراون و لە وەڵامدا ئێرانیش هێرشی مووشەکیی بەردەوام دەکاتە سەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ