هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران خەریکی بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دوای هێرشەکانی ساڵی رابردوو هیچ هەوڵێکی بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانی پیتاندنی ئەتۆمی نەداوە؛ ئەمەش پێچەوانەی ئەو پاساوەیە دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێکردنی جەنگەکەی ئێستا بەکاریهێناوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، تێڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە گەواهیدانێکدا لەبەردەم لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) رایگەیاند: "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) لە حوزەیرانی 2025، بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی لەناوچوو و لەو کاتەوە هیچ هەوڵێک بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانیان نەدراوە."
 
ئەم هەڵسەنگاندنەی گابارد لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 28ـی شوباتدا بە پاساوی هەبوونی "هەڕەشەیەکی نزیک" و نزیکبوونەوەی تاران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، فەرمانی هێرشە سەربازییەکانی ئێستای بۆ سەر ئێران دا.
 
لە لایەکی دیکەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) بە سێناتۆرەکانی گوت: "زۆر روون بوو کە ئێران لە کاتی گفتوگۆکاندا هیچ نیەتێکی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەبووە."
 
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی هەواڵگری دوای ئەوە دێن کە جۆزێف کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆر، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڵگیرسانی جەنگەکە دەستی لەکار کێشایەوە و رایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەکی نزیک لە ئارادا نەبووە و ترەمپ لەلایەن ئیسرائیل و میدیاکانەوە چەواشە کراوە.
 
هاوکات، سێناتۆر مایکڵ بێنێت، ئەندامی دیموکراتەکان رەخنەی تووندی لە ترەمپ گرت و گوتی: "ترەمپ گوتبووی ئێمە نابینە پۆلیسی جیهان، بەڵام ئێستا خۆی کردووە بە پۆلیس، دادوەر و جێبەجێکاری سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا."
 
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "رژێمی ئێران" هێشتا ماوە، بەڵام بەهۆی کوژرانی سەرکردە باڵاکانی وەک عەلی خامنەیی و لێدان لە ژێرخانە سەربازییەکانی، زۆر لاواز بووە. گوتیشی، ئەگەر ئەم سیستمە بمێنێتەوە، هەوڵ دەدات لە ساڵانی داهاتوودا دووبارە سوپا و توانای درۆن و مووشەکەکانی بنیات بنێتەوە.
 
ئەم جەنگەی ئێستا کە سێ هەفتەیە بەردەوامە، لێکەوتەی گەورەی ناوچەیی لێکەوتووەتەوە و تاران جگە لە وەڵامدانەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی وزە لە وڵاتانی کەنداویش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا

ئێران: وەڵامێکی تووندی ئەو هێرشانە دەدەینەوە کە کرایە سەر ژێرخانی وزەمان

گووتەبێژی قەرارگە ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "دوژمن" بەشێک لە ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێرانی لە باشووری وڵات کردووەتە ئامانج و هۆشداریش دەدات کە "وەڵامێکی تووند و بێوێنەمان دەبێت."