تاران پێشنیازى نوێى لە واشنتنەوە پێگەیشتووە و پێداچوونەوەیان بۆ دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، پێشنیازی نوێیان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ رێککەوتن پێگەیشتووە و خەریکی لێکۆڵینەوەن لێیان.
 
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رۆژی شەممە 18ـی نیسانی 2026، رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا و لە رێگەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستانەوە، پێشنیازی نوێی ئەمریکایان پێگەیشتووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا پێداچوونەوە بۆ پێشنیازەکان دەکات و تاوەکو ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە."
 
ئەنجوومەنەکە هۆشداریی دایە واشنتن و رایگەیاند، شاندی دانوستاندنکاری ئێران "تەنانەت بچووکترین سازش، پاشەکشە یان نەرمی نانوێنێت و بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی ئێران دەکات." 
 
هەروەها لەبارەی تەنگەی هورمزەوە دەلێت: بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی تووندی هاتووچۆی کەشتییەکان تاوەکو کۆتاییهاتنی تەواوەتیی جەنگ. 
 
ئەم بڕیارەی ئێران بۆ داخستنەوەی تەنگەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە واشنتن گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران. 
 
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەر جۆرە کردنەوەیەکی "مەرجدار و سنووردار"ی تەنگەی هورمز پێویستی بە دەرکردنی بڕوانامەی تێپەڕبوون لەلایەن تارانەوە دەبێت، هەروەها کەشتییەکان دەبێت باج بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، سەلامەتی و پاراستنی ژینگە بدەن.
 
راگەیاندراوەکە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابوو تاران ناتوانێت بە تەنگەی هورمز "سەرانە" لە واشنتن بسێنێت.
 
عاسم مونیر، سوپاسالارى پاکستان وەک نێوەندگیرێکى سەرەکى لە هەوڵى رازییکردنی هەردوولایە بۆ گەڕى دووەمى دانوستاندنەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە ئاگربەستەکە تەنیا 4 رۆژى ماوە و ئاسۆى رێککەوتنێک بۆ وەستاندنى جەنگ دیارنییە. 
 
دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد بەهۆی پێداگریی ئەمریکا لەسەر راگرتنی 20 ساڵەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، دوچاری بنبەست بوون و تاران هەر جۆرەرادەستکردنێکی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە واشنتن رەتکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە