تەسنیم: هێشتا جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان دەقی ئێران و ئەمریکادا ماوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە لەو دانوستاندنانەی لە ئیسلام ئاباد دەکرێن، هێشتا جیاوازیی قووڵ و بنەڕەتی لە نێوان پێشنیازەکانی ئێران و ئەمریکادا هەیە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی تەسنیم، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێشنیازەکانی ئەمریکا لە زۆر بواردا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵکراو نین، بەتایبەتی لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە مافە رەواکانی ئێرانەوە هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هەبوونی تەکنەلۆجیای ئەتۆمیی ئاشتیانە."
 
سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە کە ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجی وەها بسەپێنێت کە سەروەریی ئێران پێشێل دەکات و گوتی: "ئێمە بە روونی بە لایەنی بەرامبەرمان گوتووە کە ئێران ئامادە نییە لەسەر هێڵە سوورەکانی خۆی سازش بکات. مەرجەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی توانای بەرگریمان، بە تەواوی رەتدەکرێنەوە."
 
هەروەها ئاژانسەکە لە زاری هەمان سەرچاوەوە باسی لەوە کردووە کە ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر مەرجەکانی خۆی، لەوانەش "دەستەبەرکردنی قەرەبووی زیانەکان، هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە"، وەک مەرجی پێشوەختە بۆ هەر رێککەوتنێکی کۆتایی.
 
پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ، میدیای ئەمریکی لە چەندین راپۆرتدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ئەو جەنگەی لە 28ی شوبات لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستی پێکرا، زیانی گەورەی بە ژێرخانی سەربازیی ئێران گەیاندووە، بەڵام نەیتوانیوە ئامانجەکانی لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی و درۆنەکانی بپێکێت. 
 
راپۆرتێکی رۆژی یەکشەممەی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و تیمە ئەمنییەکەی رۆژی سێشەممە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بژاردەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تاوتوێ بکەن. 
  
ترەمپ بە تەلەفۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاندبوو، "خەریکە کاتی ئێران تەواو دەبێت" و ئەگەر تاران مەرج و داواکارییەکانی نەگۆڕێت، ئەوا "زۆر خراپتر لێیان دەدرێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵیشدا هۆشداریی بە ئێران دا و داوای لێ کرد پەلە بکات لە پەسندکردنی پێشنیازی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی، "ئەگەرنا هیچیان لێ نامێنێت." 
 
ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە باس لەوە دەکات، ترەمپ رۆژی شەممەش لە یاریگەی گۆڵفەکەی لە ڤێرجینیا لەگەڵ تیمەکەی کۆبووەتەوە، لەنێویاندا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جۆن راتکلیف، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی.
 
رۆژی شەممە و یەکشەممە، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران بوو بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران و تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. 
 
رۆژی یەکشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی و وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. 
 
ترەمپ بە ماڵپەڕە هەواڵییە ئەمریکییەکەی گوتووە، ئێران هێشتا رێککەوتنی دەوێت و کۆشکی سپیش چاوەڕێی پێشنیازێکی نوێیە لە ئێران کە بە گوتەی خۆی، دەبێت لە دوایین پێشنیاز کە چەند رۆژێک لەمەوبەر خرایە روو، باشتر بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی ئێران

فەرماندەی پۆلیسی ئێران: لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە 6,500 سیخوڕ دەستگیرکراون

ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رایدەگەیێنێت ، لە سەرەتای شەڕ لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 6,500 سیخوڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.