ئێران: گۆڕینی هۆڵی کۆنفرانسی وەزیری دەرەوەی سعودیە بەهۆی وێنەی قاسم سولەیمانییەوە نەبووە

18-06-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ بڕیاربوو کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە هۆڵی فەرمیی کۆنفرانسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت، بەڵام شوێنی کۆنفرانسەکە گوازرایەوە بۆ هۆڵێکی دیکە و رۆژنامەی فەرمیی ئێرانیش هۆکارەکەی بۆ ناڕەزایەتیی شاندی سعودیە بە هەڵواسینی وێنەی قاسم سولەیمانی لە هۆڵەکە گەڕاندەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی شەممە 17ی حوزەیرانی 2023 فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی تارانی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد، بڕیاربوو کۆنفرانسەکە لە هۆڵی فەرمیی کۆنفرانسە میدیاییەکانی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەبچێت و ئاڵای هەردوو وڵات لە شوێنی کۆنفرانسەکە دانرا، بەڵام بەر لە دەستپێکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، شوێنی کۆنفرانسەکە گوازرایەوە ژوورێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
 
رۆژنامەی جامی جەم، کە رۆژنامەی فەرمیی ئێرانە، رایگەیاند، "سەرجەم میدیاکاران و تەنانەت ئاڵای هەردوو وڵات لە شوێنی کۆنفرانسەکە جێگیر کرابوون، بەڵام لەسەر داوای شاندی سعودیە شوێنی کۆنفرانسەکە گۆڕا و لە ژوورێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە بەڕێوەچوو."
 
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە "لە هۆڵی کۆنفرانسەکە وێنەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەڵواسرابوو و وێنەکەش کەوتبووە سەر ئاڵای سعودیە، بۆیە شاندی ئەو وڵاتە بەوە ناڕازی بوون و داوای گواستنەوەی شوێنی کۆنفرانسەکەیان کرد."
 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە و دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرلەبەری هەواڵەکەی بە "ناڕاست" وەسفکرد.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لێکدانەوەی میدیا بۆ گۆڕینی شوێنی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە بێ بنەمان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، "هۆکاری گۆڕینی شوێنی کۆنفرانسەکە کێشەیەکی هونەری بووە و بە گۆڕینی شوێنی کۆنفرانس، کێشەکە چارەسەر کرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

ئێران بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە رۆژانە 103 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات

لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، ئێران ئینتەرنێت و تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵاتەکە بڕی و سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئینتەرنێت پەیڕەو کرد، ئەو کەسانەشی ئینتەرنێتی ستارلینک بەکاردەهێنن، ئەگەر ئاشکرا ببن دەستگیر دەکرێن.