رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و فەرماندەی دێرینی سوپای پاسداران لە دوای کوژرانی سەرکردە باڵاکانی تاران، وەک یەکێک لە باڵاترین کەسایەتیی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکە دەرکەوتووە.
ئێستا کە رێبەری نوێی وڵاتەکە لە شوێنە گشتییەکاندا نابینرێ، قالیباف رۆڵێکی سەرەکی لە رێبەرایەتیی ستراتیژیی جەنگ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگێڕێ.
"ئاراستەکردنی پەیامەکان"
لە کاتێکدا موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنێکی گشتی دەرنەکەوتووە و تەنیا سێ راگەیێندراوی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە، قالیباف لە رێگەی هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) و هەڤپەیڤینی بەردەوام لە میدیاکاندا، پەیامە سەربازییەکانی تاران ئاراستە دەکات.
قالیباف رۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە لە جەنگێکی نایەکسانداین؛ دەبێت هەنگاو بنێین و کەرەستە و چەک بە دیزاین و داهێنانی خۆمان بەکاربهێنین."
هەروەها دوای بۆردوومانکردنی ژێرخانی وزەی ئێران، قالیباف گوتی کە "قۆناخێکی نوێی رووبەڕووبوونەوە دەستیپێکردووە."
"پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ ئاراستەکان"
فەرزان سابیت، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی (خوێندنی باڵا) لە جنێڤ باس لەوە دەکات دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، قالیباف بووەتە بڕیاردەری یەکەم لە ستراتیژیی جەنگدا.
سابیت دەڵێت: "قالیباف سەرۆکی پەرلەمانە و فەرماندەیەکی باڵای پێشووی سوپای پاسدارانە؛ پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ هەموو ئاراستەکان هەیە و ئەمەش وای لێدەکات باشترین کەس بێت بۆ ئەم رۆژانە."
قالیباف ئەزموونێکی زۆری لە هەردوو بواری سەربازی و سڤیل هەیە، لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێراندا بەشدار بووە، دواتر بووەتە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، فەرماندەی پۆلیسی ئێران، و بۆ 12 ساڵ سەرۆکی شارەوانیی تاران بوو.
قالیباف کە فڕۆکەوانێکی شارەزایە، سێ جار بۆ پۆستی سەرۆککۆماری خۆی بەربژێر کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
"سیستمی ناوچەکە بە ویستى ئەمریکا ناگۆڕدرێ"
ئارەش عەزیزی، مامۆستا لە زانکۆى "یەیڵ" دەڵێ، قالیباف "بەهێزترین پیاوی ئێستا"ی ئێرانە و دەڵێت: "قالیباف کەسایەتییەکی دەگمەنە کە لە یەک کاتدا لە بوارەکانی سەربازی، ئاسایش و سیاسەتدا کارایە."
قالیباف پێشبینی دەکات کە ئەم جەنگە نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێ، بەڵام بەو شێوەیە نا کە واشنتن دەیەوێت.
سەرۆکی پەرلەمان لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژى چوارشەممە 18ى ئادار لە لایەن ئاژانسی "تەسنیم"ـەوە بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "سیستمی ناوچەکە دەگۆڕدرێ، بەڵام نابێتە سیستمێک کە ویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی تێدا زاڵ بێت."
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە 28ی شوبات و دواتر عەلی لاریجانی، تاران رووبەڕووی قەیرانی سەرکردایەتی بووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، تاران "هیچ بەرگرییەکی نەماوە،" بەڵام قالیباف لەرێگەی تێکەڵکردنی هێزی سەربازی و پێگەی سیاسیی خۆی، هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە هێشتا ئێران دەتوانێت لە مەیدانەکەدا بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ