رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر کۆمەڵێک دامەزراوەی نەوتی، کە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دادەنرێت راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلی 63ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4" بە دروشمی "یا صاحب الزمان" دەستیپێکردووە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکان بۆ سەر کۆمەڵێک دامەزراوەی نەوتی بووە کە بە بەرژەوەندی ئەمریکا دادەنرێت لە ناوچەکە.
سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، لەم شەپۆلەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەنیازی ئەوە نەبوو، کە مەودای شەڕ بۆ دامەزراوە نەوتییەکان فراوان بکات و نەیدەویست زیان بە ئابووری وڵاتانی دۆست و دراوسێ بگەیێنێت، بەڵام لەگەڵ دەستدرێژیی دووژمن بۆ سەر ژێرخانی وزە، بە شێوەیەکی کاریگەر چووینە قۆناخێکی نوێی شەڕەوە و پێویستی بەرگریکردن لە ژێرخانی ئێران ناچاری کردین هێرش بکەینە سەر دامەزراوە وزەی پەیوەست بە ئەمریکا و خاوەن پشکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جارێکی دیکە ئاگادارتان دەکەینەوە، کە هەڵەیەکی گەورەتان کرد لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی کۆماری ئیسلامی کە وەڵامدانەوە بۆی بەردەوامە. ئەگەر ئەمە دووبارە بێتەوە، هێرشی زیاتر بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێوە و هاوپەیمانەکانتان ناوەستێت تا بە تەواوی لەناو دەچێت و وەڵامدانەوەی ئێمە زۆر تووندتر دەبێت لە هێرشەکانی ئەمشەو."
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا - ئیسرائیل پێی ناوەتە 20ـەمین رۆژیەوە. جەنگەکە لە 28ی شوباتی 2026ەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ