ئێران سێ کەسی بە تۆمەتی کوشتنی پۆلیس لە خۆپێشاندانەکاندا لەسێدارە دا

19-03-2026
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
دیمەنی خۆپیشاندانەکانی ئێران رۆژی 9ـی کانوونی دووەمی 2026
دیمەنی خۆپیشاندانەکانی ئێران رۆژی 9ـی کانوونی دووەمی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ کەس راگەیاند، کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا سزادرابوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-03-2026، ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر سێ تۆمەتبار (مەهدی قاسمی، ساڵح محەممەدی و سەعید داوودی) لە شاری قوم و لەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا جێبەجێ کراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی داد، ئەو سێ کەسە تۆمەتبار کرابوون بە "کوشتنی چەند ئەندامێکی هێزەکانی پۆلیس، بەکارهێنانی چەکی سارد، چالاکی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی."
 
ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکە دوای ئەوە جێبەجێ کراوە کە "قۆناخە یاساییەکانی لە دیوانی باڵای وڵات بڕیوە و تانەکانیان رەتکراوەتەوە."
 
خۆپێشاندانەکان لە 28-12-2025ـەوە لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران لەلایەن کاسبکارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکان گۆڕا بۆ ناڕەزایەتیی سیاسی و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کوژرانی 7 هەزار و 15 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە 226یان منداڵن. هەروەها رێکخراوەکە دەڵێت، بەدواداچوون بۆ گیانلەدەستدانی 11 هەزار و 744 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواویان لەسەر کۆنەکراوەتەوە.
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام داوا لە ئێران دەکەن جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دژی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان رابگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک حاجی لەکاتی تەوافکردندا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

ئێران: 27 هەزار حاجی گەیشتوونەتە سعودیە

رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 27 هەزار حاجیی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە سعودیە، ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی ئێران بەراورد بە پار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زیاتر لە 55 هەزار کەس لە پشکە فەرمییەکەیان کەمترە.