رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 21:00ی شەوی چوارشەممە هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر چەند ناوچەیەکی باکووری ئێران بەتایبەت پارێزگای گیلان. قایمقامی شاری ئەنزەلی لە باکووری ئێران رایگەیاند، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ و رێکخراوی کەشتیوانیی شارەکە؛ دەشڵێت هێشتا قەبارەی زیانەکان دیار نییە.
چەقی بۆردوومانەکان لە شارەکانی رەشت (ناوەندی پارێزگا) بەندەر ئەنزەلی و رێزوانشەهر بوون. بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، زیاتر لە 20 هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەم پارێزگایەی باکووری ئێران بەتایبەت کەناراوەکانی بەندەر ئەنزەلی، باشووری رەشت و ناوەندی رێزوانشەهر.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، محەممەد ساڵح زیایی، قایمقامی شاری ئەنزەلی لە پارێزگای گیلان رایگەیاند: "لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ئەنزەلی و رێکخراوی کەشتیوانی."
سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە، قایمقامی ئەنزەلی گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و گوتی: "تیمەکانمان خەریکی لێکۆڵینەوەن و دواتر قەبارەی زیانەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە."
بەندەری ئەنزەلی کە دەکەوێتە سەر دەریای خەزەر، بە کۆنترین و یەکێک لە گرنگترین بەندەرە بازرگانییەکانی ئێران دادەنرێت. ئەم بەندەرە وەک "دەروازەی ئەوروپا" هەژمار دەکرێت و رۆڵێکی ستراتیژیی لە هەناردەکردن و هاوردەکردنی کاڵاکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەریای خەزەر و ئەوروپادا دەگێڕێت.
ئەم هێرشە بۆ سەر باکووری ئێران لە کاتێکدایە کە زۆربەی پێکدادان و هێرشەکانی سێ هەفتەی رابردووی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئێران چڕببووەوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی بازنەی هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە.
پارێزگای گیلان لە باکووری تارانی پایتەختی ئێران هەڵکەوتووە. 272 کیلۆمەتر سنووری ئاویی لەسەر دەریای خەزەر هەیە و بەبوونی ناوچەی ئازادی ئەنزەلی، بەندەر ئەنزەلی، بەندەر کاسپیەن و بەندەر ئاستارای هاوسنووری کۆماری ئازەربایجان، سەرەکیترین رێرەوەی ئاویی باکووری ئێرانە.
80٪ی هەناردەی ئێران بۆ رووسیا ساڵانە بەبڕی زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار لە رێی بەندەرەکانی گیلانەوە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ