رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێت بلۆکس رایگەیاند، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران کە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بڕیاری لێدراوە، 50 رۆژی تێپەڕاند و ئەوەش زۆرترین ماوەی پچڕانی ئینتەرنێتە لە مێژووی ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی نێت بلۆکس کە چاودێریی ئینتەرنێت لە جیهان دەکات بڵاویکردەوە، "ئێستا ئێران بۆ ماوەی حەوت هەفتەیە لە ئینتەرنێتی جیهانی دابڕاوە و ماووی پچڕانەکە گەیشتووەتە نزیکەی 1200 رۆژ."
نێت بلۆکس ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێکارە کە "بێپێشینەیە" بۆ کۆمەڵگەیەکی پەیوەست بە جیهانی دیجیتاڵ، زیانێکی زۆری بە بژێوی ژیانی زۆرینەی ئێرانییەکان و مافەکانی مرۆڤ گەیاندووە.
پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد. بەگوێرەی نێت بلۆکس، لە 5ـی ئەم مانگەوە پچڕانی ئینتەرنێت درێژترین ماوەی لە مێژووی ئێران تۆمارکردووە.
لە ماوەی ئەم شەڕەدا، تەنیا تۆڕی ناوخۆیی ئێران (ئینترانێت) کاردەکات و رێگە بە خەڵک دەدات تەنیا ماڵپەڕە ناوخۆییەکان بکەنەوە. بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵە جیهانییەکان و تۆڕە قەدەخەکراوەکانی وەک ئینستاگرام، هەندێک لە هاووڵاتییان پەنا بۆ VPN دەبەن.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک دەستیان بە ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" دەگات، کە ئەویش لە وڵاتەکەدا قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ