رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینی پزیشکی کە بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بۆ دەستگیرکراوانی ئۆپەراسیۆنی دژی مادەی هۆشبەر کرابوو، لە جەستەی 8 هونەرمەند و کەسایەتی ناسراوی تورکیادا مادەی رێپینەدراو دەستنیشانکراوە.
دوای ئەوەی رۆژی 8-10-2025 ئۆپەراسیۆنیکی بەرفراوانی دژەمادەی هۆشبەر لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو و ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتیی ناسراوی تورکیا دەستگیرکران، لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد.
پشکنینی مادەی هۆشبەری 8 لە هونەرمەند و ناسراوەکان ئەرێنی دەرچوو
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بە میدیای تورکیا دراوە، لە پشکنینی دیلان پۆڵات، دەرین داڵو، بەراک توزوناتاچ، دەرەن تاڵو، بیرجە ئاکاڵای، کوبیلای ئاکا، مەتین ئاکدولگەر و کائان یڵدرم مادەی هۆشبەر دەستنیشانکراوە.
لە جەستەی هەریەک لە کوبیلای ئاکا، مەتین ئاکدولگەر و کائان یڵدرم مادەی هۆشبەری جۆری (THC-COOH) دەستنیشانکراوە.
هەروەها لە پشکنینی خوێنی هەریەک لە ئەنگین پۆڵات، ئیرەم دەریجی، فەیزا ئاڵتون و زینەت سالی سافتەر دەرکەوتووە کە کاریگەریی مادەی هۆشبەر بەهۆی چارەسەرەوە دەستنیشان کراوە.
هەروەها دەرکەوتووە کە دەریجی، ئاڵتوون و سالی چارەسەری جۆری راچێتە سەوزیان وەرگرتووە.
راچێتەی سەوز
ئەو چارەسەرانەی دەکەونە چوارچێوەی راچێتەی سەوز وەک ئازارشکێن، ئارامکەرەوە، چارەسەری خەو و بەشێک لە ئەنتی بایۆتیکەکان، تەنیا لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە دەنووسرێن و بە بڕی دیاریکراو مادەی هۆشبەریان تێدایە.
بەگوێرەی یاسا، هەر راچێتەیەکی سەوز تەنیا بۆ نەخۆشێک دەنووسرێ و ئەو چارەسەرانە نابێت لەلایەن کەسێکی دیکەوە بەکاربهێندرێن.
هەرکاتێکیش ئەو جۆرە دەرمان و چارەسەرانە لەلایەن دەرمانخانەکانەوە دەدرێن، لە سیستم تۆماردەکرێن و چاودێری دەکرێن.
ئەو هونەرمەند و ناسراوانەی پشکنینەکانیان پاک دەرچوو
هەریەک لە هادیسە ئاچکگۆز، ئۆزگە ئۆزپیرینجچی یامانتورک، دویگو ئۆزئاسڵان موتاف، دەمەت ئەڤگار باباتاش، مەرت یازیجیئۆغڵو، زەینەب مەریچ ئاراڵ و جەرەن مۆرای ئۆرجان پشکنینەکانیان پاک دەرچوو لە جەستەیاندا هیچ مادەیەکی هۆشبەر بەدی نەکراوە.
چی روویدابوو؟
ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بە بڕیاری داواکاریی گشتیی ئیستەنبووڵ رۆژی 8-10-2025 بەڕێوەچوو.
هێزەکانی ئاسایش و جەندرمە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند و کەسایەتیی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا هونەرمەندان ئیرەم دەریجی، هادیسە، سیمگە و کوبیلای ئاک کە هەواداری زۆریان هەیە، دەستگیرکران.
هەروەها دیلان پۆڵات و ئەنگین پۆڵات کە هاوژینن و پێشتر لەسەر تۆمەتی جۆراوجۆر زیندانی کرابوون، بە گومانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.
ئەو رۆژە نزیکەی 20 هونەرمەند و کەسایەتی بە گومانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ