پسپۆڕێکی چاتام هاوس بۆ رووداو: ئەگەری هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیڵ کویلیام، پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی چاتام هاوس
نیڵ کویلیام، پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی چاتام هاوس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نیڵ کویلیام، پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی چاتام هاوس، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ "رووداو" رایگەیاند، پێشبینی ناکات ئەمریکا هیچ هێرشێکی زەوینیی بەرفراوان یان "داگیرکارییەکی گەورە" بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات. ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی گوشارە ناوخۆییەکان و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەدات.
 
رۆژی هەینی، 20ـی ئاداری 2026، نیڵ کویلیام لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە ئەگەری جووڵەی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا گوتی: "پێناچێت هێرشێکی زەوینیی گەورە لە ئارادا بێت، بەڵام جووڵەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە هێزێکی سنووردار لە چەند ناوچەیەکی کەناراوەکان دابەزێندرێن. 
 
کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک و تەنگەی هورمز
 
کویلیام ئاماژەی بە جولەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەرەو ناوچەکە کرد و گوتی، لەوانەیە ئەمریکا پەنا بۆ جێگیرکردنی "هێزی زەوینیی سنووردار" ببات، بەتایبەت لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک دوورگەی خارگ.
 
ئەو پسپۆڕەی چاتام هاوس روونیکردەوە: "دوورگەی خارگ تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و لەوێوە 90٪ی نەوتی ئەو وڵاتە رەوانەی دەرەوە دەکرێت، کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنە دەبێتە هۆی پەکخستنی توانای ئابووریی ئێران. هەروەها رەنگە ئەمریکا هێزێکی بچووک لە کەناراوەکان جێگیر بکات بۆ پاشەکشەپێکردنی هێزە ئێرانییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، بەڵام ئەمە مەترسیی ئەوەی هەیە ئەمریکا زیاتر تێوەبگلێت."
 
سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز بە گوشاری هێز، کویلیام گوتی: "ئێران لە شەڕی ناهاوسەنگدا زۆر کارامەیە و ئامرازی زۆری هەیە بۆ پەکخستنی گەشتیاریی دەریایی. کردنەوەی تەنگەکە پێویستی بە دەیان کەشتیی جەنگی و ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە هەیە کە هاوشێوەی داگیرکاری بێت، کە پێموانییە ئەمریکا کارێکی وا بکات."
 
ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نیڵ کویلیام تیشکی خستە سەر جیاوازیی نێوان هەڵوێستی واشنتن و تەلئەڤیڤ و رایگەیاند: "ترەمپ ئێستا لەژێر گوشارێکی زۆردایە؛ نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە و لایەنگرانی دژی ئەم شەڕەن. ترەمپ چاوی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمە و دەیەوێت سەرکەوتن رابگەیێنێت و شەڕەکە کۆتایی پێبهێنێت."
 
بە گوتەی کویلیام، ئیسرائیل ئارەزوو دەکات ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەردەوام بن، بەڵام لە کۆتاییدا ترەمپ خاوەنی بڕیار دەبێت و نەتەنیاهوو ناچار دەکات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. کویلیام پێشبینی دەکات شەڕەکە لە نێوان "48 کاژێر تاوەکو دوو هەفتەی دیکە" بەردەوام بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ترەمپ کەسایەتییەکی پێشبینینەکراوە و رەنگە هەر کاتێک بێت بڕیاری وەستاندنی شەڕەکە بدات.
 
خۆڕاگری و سیستەمی "مۆزایک"ی ئێران
 
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران، پسپۆڕەکەی چاتام هاوس رایگەیاند کە رژێمی ئێران نیشانی داوە زۆر خۆڕاگرە و توانای "خۆقایمکردنی" هەیە. گوتیشی: "ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شۆک بوون بەو ئاستە لە خۆڕاگری و توانایەی ئێران لە بەردەوامبوون لە هاویشتنی درۆن و مووشەک و پێکانی ئامانجە نەوتییەکان بە وردی."
 
کویلیام ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران سیستەمێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی "ناناوەندی"  پەیڕەو دەکات کە بە "سیستەمی مۆزایک" دەناسرێت، ئەمەش وایکردووە تەنانەت بە کوشتنی سەرکردە باڵاکانیشیان، سیستەمەکە پەکینەکەوێت و دەستبەجێ شوێنگرەوەیان هەبێت. لە کۆتاییدا گوتی: "رژێمی ئێران دەمێنێتەوە و لەم گەڕەی ململانێیەدا رزگاری دەبێت، چونکە زۆر بە وردی پلانیان بۆ داڕشتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی بۆردوومانێک بۆسەر تاران

سوپای ئیسرائیل: 12 ناوچەی تارانمان بۆردوومان کرد

سوپای ئیسرائیل دەڵێ، لە زنجیرەیەک هێرشدا بۆ سەر تاران، 12 کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەک، کۆگەی چەک و ناوەندی سەربازی لە تاران کردووەتە ئامانج