رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بڕیاریدا بۆ یەکەمجار رێگە بە هاوردەکردنی ماددەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگەی "کۆڵبەر و دەریاوە" بدات؛ ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی پیشەسازیی ئەو وڵاتە کەوتووە.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، نێرگس باقری زومرودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاساکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی، لە نامەیەکدا بۆ گومرگی وڵاتەکەی، هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگەی "کۆڵبەری و مەلەوانەوە" بە یاسایی و رێگەپێدراو ناساندووە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، ئەم مۆڵەتە وەک هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ماددەی خاو لە بازاڕەکانی ئێراندا، کە لە مانگەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئامانج لێی بەردەوامبوونی چالاکییە پیشەسازییەکانی وڵاتەکەیە کە بەهۆی جەنگەوە پەککەوتوون.
ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 40 رۆژ بەسەر جەنگی نێوان ئێران و (ئەمریکا - ئیسرائیل) دێت، کە تێیدا زیانی کوشندە بە ناوەندە ستراتیژییەکانی وزە لە ناوچە پیشەسازییەکانی وەک "ماهشەهر" و "عەسەلوویە" کەوتووە.
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئێراندا، ماددەی خاوی پیشەسازیی قورس بخرێتە نێو لیستی ئەو کاڵایانەی کە کۆڵبەران دەیگوازنەوە. پێشتر کاری کۆڵبەری (لە سنوورە وشکانییەکانی وەک هەرێمی کوردستان) و مەلەوانی (لە سنوورە ئاوییەکانی باشووری ئێران) تەنیا بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکانی ناوماڵ، پۆشاک و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ