گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران: تاران و مەشهەد کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هانا محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران دەڵێ، سەرەڕای زیادبوونی بڕی بارانبارین بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو، هێشتا یەک لەسەر سێی وڵاتەکە بەدەست قەیرانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران و مەشهەد لەو شارانەن کە زۆرترین قەیرانی ئاویان هەیە.
 
عیسا بۆزۆرگزادە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لە کاتێکدا تێکڕای پڕبوونی بەنداوەکانی وڵات نزیکەی 66%ـە، ئەم رێژەیە بۆ بەنداوەکانی تاران تەنیا نزیکەی 23% و بۆ بەنداوی دووستی [لە مەشهەد] تەنیا نزیکەی 5%ـە."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران باسی لەوەش کرد، هێشتا 11 پارێزگای ئێران زیاتر لە 10% کەمبوونەوەی بارانبارینیان تێدا تۆمارکراوە و تاران لەسەرووی ئەو پارێزگایانەوەیە، بەمەش تاران پێنجەمین ساڵی لەسەریەک لە کەمئاوی بەڕێدەکات و چووەتە نێو شەشەمین ساڵی قەیرانەکەوە.
 
بۆزۆرگزادە گوتی، دۆخی بارانبارینی وڵات لە ئاستێکی ئاساییدایە، بەڵام ئەم ئاساییبوونە بەو مانایە نییە کە کێشەی کەمئاوی لە هەندێک لە پارێزگاکان چارەسەر بووە.
 
هەر لەم بارەشەوە، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران، ئەمڕۆ سەبارەت بە دۆخی دابینکردنی ئاوی تاران بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، ئەو بڕی بارانبارینەی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ئاوی تاران 37% کەمترە، بەڵام لە هەوڵدان کێشەی کەمیی ئاو بۆ خەڵک دروست نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە