قالیباف: دووژمن بەدوای دەستپێکردنی خولێکی نوێی جەنگدا دەگەڕێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەمریکا هێشتا هیوای بەوە ماوە لە رێگەی گوشاری ئابووری و سەربازییەوە تاران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات، بەڵام دەڵێت، هێزە چەکدارەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "هەرچەندە ئاگربەست لە بەرەکانی جەنگدا هەیە، بەڵام دووژمن بەدوای دەستپێکردنی خولێکی نوێی جەنگدا دەگەڕێت و لە هەمان کاتدا گوشاری ئابووری و سیاسی دەخاتە سەرمان."
 
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە نێو "شەڕی ئیرادە"دایە و گوتی: "دووژمن جەنگێکی سەختی بەسەر ئێرانی ئازیزماندا سەپاندووە. هەرکەسێک لەم شەڕەدا سەربکەوێت، مێژووی ئێران دەنووسێت و داهاتووی وڵات دیاری دەکات."
 
سەرۆکی پەرلەمان پێیوایە لایەنە نەیارەکان دەیانەوێت بە دروستکردنی گوشار، ئێران ناچار بکەن لە مەیدانی دیپلۆماسیدا بە ئەرێنی وەڵامی "زێدەخوازییەکانیان" بداتەوە، بەڵام گوتی: "پێویستە ئامادەیی خۆمان بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و کاریگەر بۆ هێرشە ئەگەرییەکان زیاتر بکەین تاوەکو دوژمن ناچار بێت داخوازییە رەواکانی خەڵک لە دانوستاندندا قبوڵ بکات."
 
قالیباف لە پەیامەکەیدا باسی لەوەش کرد کە گەلی ئێران لە هیچ هەلومەرجێکدا "سەر بۆ زوڵم دانانەوێنێت" و ئەرکی بەرپرسانی لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بە قورس ناوبرد. گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە هەڵەکانی دوژمن ئەوە بوو، پێیانوابوو ئەگەر ژیانی خەڵک سەختتر بێت، یەکگرتوویی نەتەوەیی لاواز دەبێت، بەڵام گەل سەلماندی کە هێشتا لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەدا ئامادەن."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوای کرد هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی وڵات (کۆمار، پەرلەمان و دادوەری) بە هەمان رۆحییەت و جیدییەتەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە "لێکدانەوەی هەڵەی دوژمنان" بگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران. وێنە: AFP

راپۆرتێک: ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانویست مەحموود ئەحمەدینەژاد بکەنە کەسی یەکەمی ئێران

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی ئێراندا پلانێکی نهێنییان هەبوو بۆ ئەوەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە دەستبەسەریی ماڵەکەی رزگاربکەن و بیگەڕێننەوە سەر دەسەڵات. دۆناڵد ترەمپ پێیوابوو کە باشترە "کەسێک لە نێوخۆی ئێران" وڵاتەکە بەڕێوەببات و ئەو کەسەش کە لە مێشکیدا بوو، ئەحمەدینەژاد بوو