رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی بەرفراواندا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "وەعدەی سادقی 4"، هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران ژێرخانە سەربازییەکانی ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج و فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ـیشیان خستووەتە خوارەوە.
یەکشەممە 22-3-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "سەربازانی ئێران لە ئەرتەش و سوپا، لە یەکەم کاژێرەکانی ساڵی نوێدا، یەکەم زللەی ئاگرینیان ئاراستەی دوژمن کرد."
بەگوتەی زولفەقاری، هێزەکانی ئەرتەشی ئێران بە بەکارهێنانی "پۆلێک لە درۆنی خۆتەقێن"، ژێرخانە سەربازییەکانی ئیسرائیل، کۆگاکانی سووتەمەنی و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکانیان لە فڕۆکەخانەی "بن گۆریۆن" لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای پاسداران لە شەپۆلی 71ـەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدەی سادقی 4"، بە مووشەکی بالیستیی جۆری "عیماد" و "قەدر" و درۆنی خۆتەقێن، هێرشی کردووەتە سەر تەلئەڤیڤ و ناوچەی "ڕیشۆن لیتسیۆن".
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ئاشکرای کرد کە بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە "عەین ئەسەد" و "ڤیکتۆریا" لە عێراق و بنکەی "ئەلخەرج" چەندین جار بە درۆنی و مووشەکی قورس کراونەتە ئامانج و "تێکشێندراون". هەروەها باسی لەوە کرد کە لە شەپۆلی 72ـەمی هێرشەکاندا، کەشتیگەلی پێنجەمی دەریایی ئەمریکاشیان پێکاوە.
زولفەقاری رایگەیاند کە کاژێر 4:00ی بەیانیی رۆژی شەممە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیلی لە جۆری F-16 لە ئاسمانی ئێران خستووەتە خوارەوە.
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی دا و گوتی: "فەرماندە سەربازییەکانمان تاکتیکی نوێ و سیستەمی مۆدێرنتریان خستووەتە گەڕ و گۆڕەپانی جەنگ بۆ دوژمن تەنگتر و سەختتر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ