رووداو دیجیتاڵ
سەردار تەڵایی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێ، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە شەڕکردن بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشەکانیان دەوەستن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا هێزەکانی ئەوان دەتوانن ئاسایشی تەنگەی هورمز بپارێزن.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتی، لە بواری دەریاییدا "دووژمن بە کردەیی مەیدانەکەی جێهێشتووە" و ئێستا لە کەنداو و دەریای عوماندا هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەوان نابینرێ و بەرەو قووڵایی زەریاکان پاشەکشەیان کردووە، ئەوەشی بە نیشانەی "داڕمانی تەواوەتی" ئەمریکا لەو بوارەدا ناوبرد.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، تەڵایی نیک گوتی، ئەمریکا هەوڵ دەدات لە رێگەی پڕوپاگەندەی میدیاییەوە بێ دەسەڵاتیی خۆی بشارێتەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە دابینکردنی ئاسایش لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا لە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.
تەڵایی نیک باسی لەوەکرد، ئێران توانای هەیە هەر سەرچاوەیەکی هەڕەشە لە هەر خاڵێکی ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، تەنانەت لە دەرەوەی ئیسرائیلیش، ئەمەش بە گوتەی ئەو بەرپرسە، نیشانەی توانای بەرگری و هێرشبەریی وڵاتەکەیەتی کە رۆژ دوای رۆژ لە باشبووندایە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتی، ویستێكی یەکگرتوو لەنێوان خەڵک، هێزە سەربازییەکان و دەسەڵاتدا دروست بووە بۆ بەردەوامبوون لە بەرگری تاوەکو سزادانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دابینکردنی گەرەنتییەک بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی دیکە لە داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ