رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، "هیچ ئیمتیازێکمان لە ئەمریکا ناوێ و تەنیا داوای مافەکانی خۆمان دەکەین؛" ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران مافی خۆیەتی سوود لە وزەی ئەتۆم وەربگرێ.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەسەر جەنگی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، تەنگەی هورمز و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە قسەی کرد.
بە گوتەی بەقایی، تەواوی پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر بنەمای داواکاریی ئێران بۆ "مافە رەواکانی" بووە لە بەرامبەر داوای ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوونی ئێران لەو مافانە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێمە هیچ ئیمتیاز و دەستکەوتێکمان لە ئەمریکا ناوێ و تەنیا داوای مافەکانی خۆمان دەکەین."
ئیسماعیل بەقایی رەتیکردەوە هیچ هەڕەشەیەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە یان جیهان هەبێ و رایگەیاند، ئەم بابەتە هەمووی پڕوپاگاندەیە و دروستکراوی ئیسرائیلە. بەقایی گوتی، "ئێران وەک ئەندامێکی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر پابەندی بەڵێنەکانی بێت، مافی خۆیەتی بۆ مەبەستی ئاشتییانە سوود لە وزەی ئەتۆمی وەربگرێ. ئەمە مافی ئێرانە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران دەستپێشخەری جەنگ نەبووە، روونیکردەوە، "ئەوە ئێران نەبوو هێزەکانی لە دەوروبەری ئەمریکا جێگیربکات، بەڵکو ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە هاتوەتە ناوچەکەمان، خاکی دراوسێکانمانی بەکارهێنا و لەگەڵ ئیسرائیل جەنگێکی دەستدرێژکارانەی دژی ئێران دەستپێکرد."
ئیسماعیل بەقایی بە ئاماژەدان بە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا باسی لەوە کرد کە دەبێ هەر جۆرە لێکتێگەیشتن یان رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بە رەچاوکردنی مەرج و داواکارییەکانی ئێران بێت و گوتی، "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، کۆتاییهێنانە بە کارە تاوانکارییەکانی ئەمریکا دژی گەلی ئێران؛ دەبێت گەمارۆکان لاببرێن، داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن و بخرێنە بەردەستمان."
سەبارەت بە تەنگەی هورمز و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "لەسەر پرسی تەنگەی هورمز و ئەوەی پێی دەگوترێ گەمارۆی دەریایی — کە تەواو دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە — پێویستە ئەوان (ئەمریکا)هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆیە."
ئەم قسانەی بەقایی لە کاتێکدان، پاکستان لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریکردنی ئێران و ئەمریکا و سەرخستنی پرۆسەی دانوستاندنی نێوانیان بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، تاران و واشنتن لە زۆربەی پرسەکاندا بۆچوونیان لە یەکدی نزیکتر بووەتەوە، بەڵام لەسەر چەند خاڵێک، لەوانەش یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە و تەنگەی هورمز ناکۆکییەکانیان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ