ئێران: ناکۆکییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا قووڵن و ناتوانرێ بگوترێ رێککەوتن نزیکە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هانا محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەوە قووڵترن بە چەند چوون و هاتنێک یان دانوستاندنی چەند هەفتەیەک چارەسەر بن و دەشڵێت: "پرۆسەی دیپلۆماسی کاتی دەوێ و هێشتا ناتوانین بڵێین گەیشتووینەتە خاڵی رێککەوتن."
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ 22ی ئایاری 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و پرسی ئەتۆمی تاران و گوتی، لەم قۆناخەدا تاران نایەوێ بچێتە نێو وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی، چونکە "داواکارییە زێدەڕۆکانی لایەنی بەرامبەر بووە هۆکاری جەنگ و ئەمەش ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ." 
 
بەقایی روونیکردەوە کە هێشتا ناتوانن بڵێن گەیشتووینەتە خاڵێک کە رێککەوتن نزیک بێت و باسی لەوە کرد، دیپلۆماسی کاتی دەوێ و لایەنەکان هەموو دەرفەتێک بۆ گواستنەوەی بۆچوونەکانیان بەکاردەهێنن.
 
بەقایی روونیشیکردەوە کە ناتوانرێت ماوەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێ بۆ گەیشتن بە ئەنجام و گوتی:"پرۆسەکە بەردەوامە. ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هێندە قووڵ و زۆرن، بەتایبەتی دوای ئەو تاوانانەی لە 2 تاوەکو 3 مانگی رابردوودا ئەنجامیان داون کە ناتوانرێ بگوترێ بە چەند جارێک هاتووچۆ یان دانوستاندن لە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکدا دەگەینە ئەنجام". 
 
بەقایی جەختی لە ئامانجی سەرەکی تاران لە دانوستاندنەکان کردەوە و گوتی: "مەبەستی سەرەکیی دانوستاندنەکانی ئێستا، کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە هەموو بەرەکانی جەنگ، بەتایبەت لە لوبنان؛ هەروەها تاوتوێکردنی دۆخی تەنگەی هورمز و رێگریکردنی ئەمریکا لەوەی ناوی ناوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئەمانە لە بابەتە هەرە گرنگەکانن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ."
 
پرسی ئەتۆمی و پیتاندنی ئۆرانیۆم
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەو شوێنانەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی تێدایە، بەقایی رایگەیاند، لایەنی ئەمریکی هەمیشە داواکاری "نابەجێ و زێدەڕۆ" دەخاتەڕوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە مافە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، روونە ئێمە ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی رێگریکردنین لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و وەک ئەندامێکیش مافی تەواوی خۆمانە بۆ مەبەستی ئاشتییانە سوود لە وزەی ئەتۆم وەربگرین."
 
پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان
 
سەبارەت بە سەردانی بەرپرسانی باڵای پاکستان بۆ تاران، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە رەوتی ئێستا و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پاکستان لە تاران بەو مانایەیە کە گەیشتوونەتە خاڵێکی وەرچەرخان یان دۆخێکی یەکلاییکەرەوە و گوتیشی:" پێشتریش بەڕێز عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان سەردانێکی بۆ تاران هەبوو و ئەم هەوڵە بەردەوامە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی رابردوو لەگەڵ ئەمریکادا، تاران دەیەوێ سەرەتا بگاتە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کە تێیدا بەرژەوەندی و نیگەرانییەکانی ئێران لەبەرچاوبگیرێن، ئینجا لە قۆناخەکانی داهاتوودا قسە لەسەر بابەتەکانی دیکە بکرێ.
 
ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئایاری 2026، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان گەیشتە تاران و ئەم سەردانەش بە مەبەستی هەوڵی رێکەوتنی ئەمریکا و ئێرانە و بڕیارە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. 
 
ئاگربەستی 8ی نیسان کۆتایی بەو شەڕە هێنا کە لە 28ی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی دانوستاندن نەبوونەتەهۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کەشتی لە تەنگەی هورمز. وێنە رۆیتەرز

سوپای پاسداران: 31 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕین

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 31 کەشتیی جۆراوجۆر، لەوانە نەوتهەڵگر، کەشتیی بارهەڵگر و کەشتیی بازرگانی، بە هاوئاهەنگی و دابینکردنی ئەمنیەت لەلایەن هێزەکانی ئەوانەوە، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.