راپۆرتێک: جەنگ بۆ 60 رۆژ رادەگیرێت و تەنگەی هورمز دەکرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی چەند زانیارییەکی لەبارەی رێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتن و تاران بڵاوکردەوە. بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، جەنگ بۆ ماوەی 60 رۆژ رادەگیرێت، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و رێگە بە ئێران دەدرێت نەوتەکەی بفرۆشێت.
 
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن و تاران لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن (MOU) نزیکبوونەتەوە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بە فەرمی رابگەیێندرێت. ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە بۆ ماوەی 60 رۆژ کارا دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە.
 
خاڵە سەرەکییەکانی رەشنووسەکە بەگوێرەی "ئەکسیۆس" بریتین لە:
 
- ئاسایشی دەریایی: پێویستە ئێران هەموو ئەو مینە دەریاییانەی لە تەنگەی هورمز چاندوویەتی، هەڵیان بگرێتەوە و رێگە بدات کەشتییەکان بێ بەرانبەر تێپەڕ بن.
 
- لادانی گەمارۆکان: ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات و ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە دەکات.
 
- پرسی ئەتۆمی: تاران بەڵێن دەدات چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و گفتوگۆ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و گواستنەوەی یەدەگی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات بکات.
 
- مانەوەی هێزەکان: هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێننەوە و کشانەوەیان بەستراوەتەوە بە واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی.
 
بەرپرسە ئەمریکاییەکە دەڵێت، بنەمای تره‌مپ لەم رێککەوتنەدا بریتییە لە "ئاسانکاری بەرانبەر جێبەجێکردن"؛ واتە هەر هەنگاوێکی تاران بۆ پاککردنەوەی مینەکان، بە هەنگاوێکی واشنتن بۆ لادانی سزاکان وەڵام دەدرێتەوە. سەبارەت بە پارە بلۆککراوەکانیش، واشنتن جەختی کردووەتەوە کە تەنیا دوای بینینی "هەنگاوی کۆنکرێتی" ئازاد دەکرێن.
 
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان، راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵایە لە لوبنان. بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە رێککەوتنەکە نیگەرانە، بەڵام ترەمپ پێیوایە کە "بەرژەوەندیی جیهانی و ئابووریی ئەمریکا لە پێشینەن." بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی دەبێت ئەگەر حیزبوڵڵا هەوڵی خۆپڕچەککردنەوە بدات.
 
ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە دێت. پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکی دەركەوتووە و عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، لە تاران بووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی کۆتایی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
تاران ئەم ئاگربەستە 60 رۆژییە وەک دەرفەتێک بۆ رزگارکردنی ئابوورییەکەی دەبینێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەگەر تاران لە پرسی ئەتۆمیدا جدی نەبێت، رەنگە ناوچەکە بەرەو پێکدادانێکی گەورەتر بڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە