تاران دەنگۆی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتدەکاتەوە؛ "تەنیا باسی راگرتنی جەنگ دەکەین"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تاران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە رەزامەندیی ئێران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ دەکەن. تاران جەخت دەکاتەوە، ئێستا هەموو گفتوگۆکانیان تەنیا لەسەر یەک پرسە، ئەویش "کۆتاییهێنانە بە جەنگ."
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە تاران بە ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانیی راگەیاندووە، ئەو راپۆرتانەی باسیان لە پێشنیازی ئێران کردووە بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە سەرووی 3.6% بۆ ماوەی 10 ساڵ، "دوورن لە راستییەوە."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەم قۆناخەدا دۆسیەی ئەتۆمی لە بەرنامەی کاردا نییە و تاران تەنیا کار بۆ وەستاندنی شەڕ و هێرشەکان دەکات.
 
ئەم روونکردنەوەیەی تاران هاوکاتە لەگەڵ جێهێشتنی تاران لەلایەن شاندی باڵای سەربازیی پاکستان بە سەرۆکایەتی عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە. مونیر لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی کرد.
 
پاکستان کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن کار دەکات، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە تاران وەک "دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی دەکات. 
 
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کە تا درەنگانی شەوی هەینی بەردەوام بووە، هەردوولا جەختیان لەسەر دەسپێشخەریی دیپلۆماسی کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
 
ماڵپەڕی "ئەکسۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن و تاران لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن (MOU) نزیکبوونەتەوە کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ،بە فەرمی رابگەیێندرێت. ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە بۆ ماوەی 60 رۆژ کارا دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە. 
 
بە گوێرەی ئەکسیۆس، پێویستە ئێران هەموو ئەو مینە دەریاییانەی لە تەنگەی هورمز چاندوویەتی، هەڵیان بگرێتەوە و رێگە بدات کەشتییەکان بێ بەرانبەر تێپەڕ بن. ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات و ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە دەکات. تاران بەڵێن دەدات چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و گفتوگۆ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و گواستنەوەی یەدەگی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات بکات. هێزە کۆکراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێننەوە و کشانەوەیان بەستراوەتەوە بە واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی.
 
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد، لە 8ی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا. ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخستووە، لە بەرامبەر ئەمریکا لە 13ی نیسانەوە گەماڕۆیەکی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە