ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیکن؛ "دەبێت تاران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بێت"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە بۆ (نیویۆرک تایمز) قسەیان کردووە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنی پێشنیازکراوی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پابەندبوونی تارانە بە دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی.
 
هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
 
رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز. هەرچەندە ترەمپ وردەکاریی زیاتری نەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی "چۆنیەتیی رادەستکردنی یۆرانیۆمەکە بۆ قۆناخەکانی داهاتووی دانوستاندن جێهێڵدراوە."
 
پابەندبوونی تاران بەم خاڵە، کە ئامانجێکی لەمێژینەی واشنتنە، بۆ سەرکەوتنی رێککەوتنەکە یەکجار گرنگە، بەتایبەتی بۆ رازیکردنی ئەو کۆمارییانەی لە کۆنگرێس بە گومانەوە سەیری هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکەن.
 
هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان
 
ئێران لە سەرەتادا دژی ئەوە بوو کە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا باسی یۆرانیۆم بکرێ، بەڵام دانوستاندنکارە ئەمریکییەکان لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامێکی روونیان بۆ تاران ناردووە و گوتوویانە: تاران ئەگەر لەسەر پرسی یۆرانیۆمەکە رێکنەکەوێ، ئەوا ئەمریکا مێزی گفتوگۆ جێدەهێڵێ و دەست بە هێرشە سەربازییەکانی دەکاتەوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، پلاندانەرە سەربازییەکانی ئەمریکا چەندین بژاردەیان خستە بەردەم ترەمپ تایبەت بە بۆردوومانکردنی یۆرانیۆمی کۆگاکراوی ئێران، کە زۆربەی لە وێستگەی ئەتۆمیی ئەسفەهانە.
 
یەکێک لەو بژاردانە بەکارهێنانی بۆمبی حەشارگەشکێنە بۆ لەنێوبردنی یۆرانیۆمەکە لە ژێر زەویدا. 
 
هەروەها ترەمپ بیری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی کۆماندۆیی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل کردبووەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکە، بەڵام بەهۆی مەترسیی زۆری قوربانییەوە، ئەو بژاردەیەی پەسند نەکرد.
 
ئاستی پیتاندن و داراییە بلۆککراوەکان
 
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی نزیکەی نزیکەی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60٪. تاران دەتوانێت وەک رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کۆگاکەی رادەستی رووسیا بکات یان ئاستی پیتاندنەکەی بۆ پلەیەک دابەزێنێت کە نەتوانرێ بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاربێت.
 
لە بەرامبەردا، خاڵێکی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئێران تەنیا ئەو کاتە دەستی بەو پارەیە دەگات کە هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی. ئەمەش وەک هاندانێک بۆ تاران بەکاردێت تاوەکو لەسەر مێزی دانوستاندن بمێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە