پزیشکیان: ئامادەین دڵنیایی بدەینە جیهان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنتن، رایگەیاند: "ئامادەییمان هەیە دڵنیایی بدەینە جیهان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ دامەزراوەی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی (رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئامادەیە لەم بارەیەوە گەرەنتی بداتە جیهان.
 
مەسعود پزیشکیان گوتی: "لە سەردەمی ئیمامی شەهیدماندا رامانگەیاند، ئێستاش رایدەگەیەنین کە ئامادەین دڵنیایی بدەینە جیهان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین."
 
پزیشکیان جەختی کردەوە: "ئێران بەدوای نائارامی لە ناوچەکەدا نییە، ئەوەی کە بەدوای نائارامکردنی ناوچەکەدایە، ئیسرائیلە کە بەدوای جێبەجێکردنی نەخشەی «ئیسرائیلی مەزن»ـەوەیە. ئەوە ئیسرائیلە کە بۆ زیندووهێشتنەوەی جەنگ و نائارامی و ناکۆکی هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە."
 
سەرۆک کۆماری ئێران روونیکردەوە، "بێگومان ئێمە و تیمی دانوستاندنکارمان بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە لە شکۆ و سەربەرزیی وڵاتەکەمان ناکەین."
 
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزیشکیان باسی دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵکی کرد و رایگەیاند،  کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی دابینکردنی بژێوی ژیانی خەڵکە.
 
 مەسعود پزیشکیان گوتی: "سەرباری هەموو کێشەکان، بەدواداچوون بۆ کێشەکانی بژێوی ژیانی خەڵک دەکەین؛ بەڕێوبەران و بەرپرسانی ئێمە بە شەو و رۆژ هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵک بن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، بە "نوێنەرەکانی گوتووە پەلە نەکەن لە رێککەوتنێک" لەگەڵ ئێران و گوتیشی، "هەردوولا دەبێت کاتی خۆیان وەربگرن و بە دروستی بیکەن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئایاری 2026، ترەمپ گوتبوی، وڵاتەکەی لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز. هەرچەندە ترەمپ وردەکاریی زیاتری نەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی "چۆنیەتیی رادەستکردنی یۆرانیۆمەکە بۆ قۆناخەکانی داهاتووی دانوستاندن جێهێڵدراوە."
 
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکیش بڵاوکردەوە، بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە چاوەڕوانکراوەکە، جەنگ بۆ ماوەی 60 رۆژ رادەگیرێت، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و رێگە بە ئێران دەدرێت نەوتەکەی بفرۆشێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران

تاران دەنگۆی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتدەکاتەوە؛ "تەنیا باسی راگرتنی جەنگ دەکەین"

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تاران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە رەزامەندیی ئێران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ دەکەن. تاران جەخت دەکاتەوە، ئێستا هەموو گفتوگۆکانیان تەنیا لەسەر یەک پرسە، ئەویش "کۆتاییهێنانە بە جەنگ."