رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئێران لیستی بەربژێرەکانی سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانی راگەیاند کە حەوت کەس مۆڵەتی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانیان بۆ بەشداریی هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوو وەرگرتووە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەعید جەلیلی، موحسین رەزایی، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی، موحسین مێهرعەلیزادە و عەبدولناسر هیمەتی پەسندکردووە.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران شیابوونی ئیسحاق جەهانگیری، جێگری ئێستای سەرۆککۆماری ئێران کە یەکێکە لە کەسایەتییە ریفۆرمخوازەکان و هەروەها عەلی لاریجانی کە ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو، رەتکردەوە.
عەلی لاریجانی وەک گرنگترین کەسایەتی بۆ رکابەری لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی هەژماردەکرا. عەلی لاریجانی لە راگەیێندراوێکدا دوای راگەیاندنی فەرمیی رەتکردنەوەی شیاوییەکەی گوتی: رەزامەندم بە رەزامەندیی خواوەند و داوای لە خەڵک کرد بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن.
عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر داوای کەسایەتییە جیاوازەکان و بەهەستکردن بە بەرپرسایەتی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات" خۆی بەربژێرکردبوو.
لەو کەسانەی شیاوبوونیان پەسندکراوە پێنج کەسیان نەریتخواز و دوو کەسیشیان سەر بە بەرەی ریفۆرمخوازانن کە بەمشێوەیەیە:
ئیبراهیم رەئیسی، کەسایەتی دیاری نەریتخوازانە، سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانە و لە هەڵبژاردنی چوار ساڵ لەمەوبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی بە حەسەن رووحانی دۆڕاند. لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە بەربژێرە نەریتخوازەکان بە قازانجی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردن راگەیاند.
سەعید جەلیلی، کەسایەتی نەریتخواز، ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوێنەری رێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دایە. ساڵی 2005-2013 سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بوو و لەو ماوەیەدا دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەژێر دەستی ئەودا بوو.
موحسین رەزایی، کەسایەتی نەریتخواز، سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لە ساڵی 1981 تاوەکو 1997 فەرماندەی سوپای پاسداران بووە، بۆ خولێکی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سێ خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی خۆی بەربژێرکردووە، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووە.
عەلیڕەزا زاکانی، نەریتخواز، پەرلەمانتار سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێرانە، پێشتریش 12 ساڵ ئەندامی پەرلەمان بووە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵەکانی 2013 و 2017دا ناوی تۆمار کرد، بەڵام کشایەوە.
ئەمیرحوسێن قازی زادە هاشمی، نەریتخواز و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پێشتریش لە خولەکانی هەشت نۆ و دەیەمی پەرلەمانی ئێراندا ئەندامی پەرلەمان بووە.
موحسین مێهرعەلیزادە، سیاسەتوانی ریفۆمخواز، کەسایەتییەکی کەمتر ناسراوە، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی وەرزشی زۆرخانە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی ناوچەی ئازادی کیش و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمپانیای ئەندازیاریی پەرەپێدانی ئاوی ئاسیایە. لە کۆتاییەکانی دەیەی 90ـی زایینیدا پارێزگاری خوراسان و دواتریش جێگری محەممەد خاتمەی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، بۆ کاروباری وەرزشی بووە. ساڵی 2017ـەش بۆ ماوەی ساڵێک پارێزگاری ئیسفەهان بوو.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، ریفۆمخواز و مامۆستای ئابووری زانکۆی تارانە. لە تەلەڤزیۆنی ئێراندا بەرپرسایەتی هەبووە، 12 ساڵ سەرۆکی بیمەی مەرکەزیی ئێران بووە و حەوت ساڵی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی سینا بووە.ماوەیەکیش باڵیۆزی ئێران لە چین بووە.
خولی سێزدەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. حەسەن رووحانی بەهۆی بەربەستی دوو خول سەرۆککۆماریی، نەیتوانی خۆی بەربژێر بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ