رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێچەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی تاران و چەندین پارێزگای دیکەی ئێران بەردەوام بوون. هەروەها کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیش پشتڕاستکرایەوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12-03-2026، چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی کرانە سەر چەند ناوچەیەکی تارانی پایتەختی ئێران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دووسایدی چەمڕانی تاران، لە هێرشێکی درۆنیدا، ئۆتۆمبێلێک بە تەواوی تێکشکا و سەرنشینەکانی کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت کێی تێدا بووە.
تاران
هاوکات لەگەڵ بیستنی چەند تەقینەوەی بەهێز، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی نزیک بنکەی ئەتۆمیی ئەمیرئابادی تاران کارا کرا.
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، جارێکی دیکە هێرشی کردووەتەوە سەر باڵەخانەی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ناوچەی پیشەسازیی فەشافوویە لە باشووری تاران، یەکێکی دیکە لەو شوێنانە بوو کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشی چڕی کرایە سەر.
هەر لە دەوروبەری تاران، ناوچەکانی شەهریار، ئەندیشەی 1، کەرەج، عەزیمییە، جەهانشیر، گەرمدەڕە، دەوڵەتئاوا، قەرچەک، رسالەت و پارچین بە چڕی بۆردوومان کران.
دواتر میدیاکان هێرشکردنە سەر بنکەی ''ئەمیرەلموئمنین''ـی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە شەهریار پشتڕاست کردەوە.
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی چڕیان کردە سەر بنکەی ئەتۆمیی ''تاڵەقانیی 2'' لە کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین لە تاران کە دەگوترێت هێرشەکە بە بۆمبی حەشارگەشکێنی 30 هەزار پۆندیی ''جی بی یو-57'' کراوە.
ئەو وێنانەی بە مانگی دەستکرد لە ناوچەکە گیراون، هێرشەکە پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران لەوبارەوە هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتەڕوو.
خوڕاسانی رەزەوی
هەر کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان لە نزیک چیاکانی ''خەلەج''ـی مەشهەدی سەر بە پارێزگای خوڕاسانی رەزەوی، دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیسترا کە دەگوترێت بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی مووشەکی لە ناوچەکە بووە.
هاوکات چەندین گرتەڤیدیۆ لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس لە شاری مەشهەد و دەوروبەری تۆمار کراون.
بووشێهر
بەگوێرەی زانیارییەکان، جارێکی دیکە هێرشکراوەتەوە سەر ناوەندی پارێزگای بووشێهر لە باشووری رۆژئاوای ئێران و کۆگە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆردوومان کراون.
بنکەی ئاسمانیی ئەرتەش بە چڕی هێرشیکراوەتە سەر لە شارەکە و لە بنکەیەکی مووشەکیی سوپای پاسدارانیش دراوە لە ناوچەی خورمەوج.
فارس
لانیکەم دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە قەسردەشتی شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارس بیستراوە کە بەگوێرەی زانیارییەکان ناوچەیەکی نزیک لە کۆلێژی پزیشکیی شارەکە بۆردوومان کراوە.
هەروەها کاژێر 08:00ـی بەیانی، بەشێکی فڕۆکەخانەی شارەکەش بۆردوومان کراوە کە لە گرتەڤیدیۆکاندا دووکەڵێکی چڕ دیارە کە بەرز دەبێتەوە.
کاژێر 12:30 خولەک جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر شیراز و وێڕای کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چیاکانی شاپوورجانی شارەکە بیسترا.
خوزستان
هاوکات لە پاریزگای خوزستان دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی دێزفوول، ئەندیمێشک، دێلەم و ماهشەهر بیسترا کە چەندین بنکەی سەربازیی گەورەی سوپای پاسداران و ئەرتەشیان لێیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە بەندەری ئیمام حەسەنی شاری دێلەم و چەندین کەشتیی هێزەکە تێکشکێنراون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆش دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی ماهشەهری سەر بە پارێزگاکە بیستراوە.
چەند ناوچەیەک لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگاکە وەک بنکەی زێرەڤانیی 92ـی سوپای ئێران، هەروەها چەند ناوچەیەکیش لە دوورگەی قێشم، بۆردوومان کراون کە بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی تۆمارکراون، دووکەڵێکی چڕیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ئەهواز، کاژێر 12:30 خولەک دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکە بیسترا و دوای چەند خولەکێک، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی گولستان روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان بە فڕۆکەی جەنگی هێرشکراوەتە سەر ماڵێک و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانەی لە ماڵەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر، بلاو نەکراوەتەوە.
ئیسفەهان
لە پارێزگای ئیسفەهانیش چەندین ناوچە لە شاهینشار، نەجەفئاوا، سپاهانشار و ویلاشار بۆردوومان کراون و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە بنکە سەربازییەکانی ئەو ناوچانە بیستراوە.
چەند بنکەیەکی دیکەی سوپای پاسدارانیش لە شارەکانی مەلایر، هەمەدان و بەندەر عەباس لە رۆژئاو و باشووری ئێران بۆردوومان کران.
هورمزگان
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاژێر 11:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، سێ یان چوار فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی بەندەرعەباسی پارێزگای هورمزگان بینراون و دواتر دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی شارەکە بیستراوە.
مەرکەزی
ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی ئیسماعیل دەهقان، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری ئەراکی پارێزگای مەرکەزی پشتڕاستکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فارس، هێرشێک لە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی "حافزیە" لە شاری ئەراک کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو فەرماندەیە بووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەو هێرشەدا، جگە لە ئیسماعیل دەهقان، چوار ئەندامی خێزانەکەشی کوژراون کە پێکهاتبوون لە: هاوژینی، دوو منداڵی و خەسووی؛ هەروەها یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی لە هەمان هێرشدا بریندار بووە.
تەورێز
هێرشەکان سنووری پارێزگای تەورێزیشیان گرتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجامی بۆردوومانی گەڕەکی زەعفەرانییەی ناوەندی پارێزگاکە، داریووش سلێمانی، فەرماندەی بنکەی ئاسمانیی فەکووریی سوپا لە شارەکە و ئەندامانی خێزانەکەی کوژران.
کوژرانی داریووش سلێمانی لەلایەن چەند میدیایەکی نیمچە فەرمیی ئێران راگەیێندرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
هاوکات بە درێژایی ئەمشەو هێرشەکانی سەر تاران بەردەوام بوون و جارێکی دیکە بازاڕی گەورەی شارەکە، چەند ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی تاران، باکووری رۆژهەڵاتی تاران و ناوچەی گەرمدەڕەی شارەکە بە چڕی بۆردوومان کران.
کاژێر 23:20 خولەکی ئەمشەو، میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، لە سەر رێگەی تاران-قوم هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بازگەیەکی پشکنینی سوپای پاسداران کە لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیای ئێران هەر سێ بریندارەکە کارمەندانی تەندروستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ