رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، "هیچ بڕیارێک بێ هاوئاهەنگی و رێگەپێدانی رێبەر" سەبارەت بە دۆسیە هەستیارەکان نادرێ.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "کاتێک بڕیارێک لە بواری دیپلۆماسیدا دەدرێ، دەبێت هەموو دەزگاکان پشتگیری لێ بکەن، تاوەکو دەنگێکی یەکگرتوو و رێکخراو لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بگاتە جیهان."
پزیشکیان گوتی، "هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بێ هاوئاهەنگی و رێگەپێدانی رێبەر نادرێ."
سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "ئەگەر هەمووان پێکەوە لە چوارچێوەی راسپاردەکانی رێبەری باڵای شۆڕشدا بجووڵێینەوە و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین، دووژمنان هەرگیز بە ئامانجەکانی خۆیان بەرامبەر وڵات ناگەن."
بە گوتەی مەسعود پزیشکیان، پێویستە میدیای فەرمیی وڵات ببێتە سەکۆ و بڵندگۆیەک بۆ یەکێتی و یەکڕیزی نیشتمانی و داوای لە بەڕێوەبەرانی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی کرد، رۆڵێکی زیاتر لە بەهێزکردنی هاودەنگیی کۆمەڵایەتی و پشتیوانیکردن لە بڕیارە گەورەکانی حکومەت و زیادکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتیی وڵاتدا بگێڕن.
پزیشکیان گوتی، "ناکرێ هەر کەسێک یان رەوتێک تەنیا لەسەر بنەمای ویستی خۆی، وەشانێکی جیاواز بۆ وڵات پێشکەش بکات، چونکە بەڕێوەبردنی وڵات پێویستی بە بڕیاری یەکگرتوو و پەیڕەوکردنی بەکۆمەڵە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پزیشکیان بە ئاماژەدان بە کێشەکانی وڵات رایگەیاند، "چارەسەرکردنی زۆرێک لە پرسەکانی وڵات بێ ئامادەبوون و بەشداری خەڵک سەرناگرێ. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بە سنگفراوانی و نیگایەکی کراوەوە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگا ببینرێن."
شەوی 22ی ئایاری 2026 کامەران غەزەنفەری، نوێنەری پەرلەمانی ئێران لە بازنەی تاران، رەخنەی لە سەرۆککۆماری ئێران گرت و رایگەیاند، پزیشکیان بێ مۆڵەتی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگربەستی لەگەڵ ئەمریکا قبووڵ کردووە.
غەزەنفەری گوتی، لە جەنگی 12 رۆژەیشدا پزیشکیان بێ مۆڵەت و ئاگاداری عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، ئاگربەستی قبووڵ کرد و "ئیسرائیلی لە لەنێوچوون رزگارکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ