رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشبینی دەکات لەمساڵدا کڕینی گەنمی جووتیاران بگاتە نێوان 550 بۆ 600 هەزار تۆن؛ هاوکات بڕیاریش دراوە بە کردنەوەی 72 ناوەندی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکە.
ئومێد زەیناڵی ئەسڵ، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی ورمێ، رایدەگەیێنێت کە بەپێی خەمڵاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، تێکڕای بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە لە نێوان 850 بۆ 900 هەزار تۆن دەبێت. زەیناڵی ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی کڕینی گەنم ساڵانە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیراندا دەست پێ دەکات، بەڵام بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە، ئەگەری هەیە ئەمساڵ دەستپێکردنی پرۆسەکە بە لانی کەمەوە 10 رۆژ دوا بکەوێت.
سەبارەت بە توانای کۆگاکردنی گەنم لە پارێزگاکەدا، زەیناڵی گوتی: "توانای سایلۆکانی پارێزگا، چ کەرتی تایبەت و چ سایلۆکانی تەنیشت کارگەکان، لە سەرووی 1,000,000 تۆنە." سەبارەت بە پارەی جووتیارانیش، روونی کردەوە کە شایستە داراییەکان بە شێوەی سەرتاسەری لە ئاستی وڵاتدا دابەش دەکرێن.
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ورمێ باسی لە ئامارەکانی ساڵی رابردووش کرد و گوتی: "ساڵی رابردوو، 432,500 تۆن گەنم بە شێوەی دەستەبەرکراو لە جووتیاران کڕدرا، کە نرخەکەی نزیکەی 9,000 ملیار تمەن (9 هەمەت) بوو و لە کورتترین ماوەدا درایە جووتیاران."
زەیناڵی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە شارەکانی ورمێ، بۆکان و پیرانشار لە ریزی پێشەنگی ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی گەنمدان و بۆ ئەمساڵیش 72 ناوەند جێگیر کراون. هەروەها گوتیشی، ساڵی رابردوو، 73 ناوەند ئەرکی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەیان لە ئەستۆ بوو.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە 150,000 هێکتارە و ساڵانە 1.5 ملیۆن تۆن بەرهەمی هەیە.
پارێزگای ورمێ وەک یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گەنم دەناسرێت کە جگە لە دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆیی، گەنمی چەندین پارێزگای هاوسێی وەک تەورێز، ئەلبورز و تارانیش دابین دەکات. ورمێ ساڵی رابردوو پلەی شەشەمی کڕینی گەنمی لە سەرتاسەری ئێراندا گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ