رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی ئەو 7 ملیۆن ئەفغانییەی لە ئێرانن، رۆژانە سێ هەزاریان لە سنووری نێوانیان لەگەڵ ئێرانەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
عەبدولغەنی قازیزادە، کارمەندی فەرمی دەسەڵاتی تالیبانە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "پەناخوازانی ئەفغانی لە ئێران لە رووی دەروونییەوە ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن، لەوێ قسەی ناشرین پێدەگوترێت و بێڕێزییان پێدەکرێت، تەنانەت بیستوومانە گوشار دەخەنە سەر ژنانی ئەفغانی بۆ ئەوەی پارەیان پێ پەیدا بکەن".
سەرووی 7 ملیۆن ئەفغانی لە ئێرانن؛ نزیکەی 2.7 ملیۆنیان مۆڵەتی مانەوەیان هەیە؛ ئێران پلانی بە زۆر گەڕانەوەی بێ مۆڵەتەکانی داڕەشتووە و بەرپرسان دەڵێن: "ساڵانە سەرووی 7 ملیار دۆلار لە ئێران بە شێوەی حەواڵە دەبەنە دەرەوەی وڵات."
ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێرانیش دەڵێت، لە پلانیاندایە تاوەکو نەورۆزی 2025، لانیکەم دوو ملیۆن کۆچبەری ئەفغانی لە ئێران دەربکەن.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە گوتەی بەشێک لە ئەفغانییەکان، رێگەی جۆراوجۆر گیراونەتە بەر.
رەمەزان عەزیزی، پەناخوازێکی ئەفغانییە باس لەوە دەکات: "هەر کەسێک خانوو بە کرێ بداتە ئەفغانییەک، حکومەت سزای دارایی دەدات و هێزە ئەمنییەکان نێوماڵی کرێچییە ئەفغانییەکان فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان. ناچارمان دەکەن ئێران جێبهێڵین و بە زۆریش پارەی گواستنەوەمان لە ئۆردوگاوە بۆ سەر سنوور لێ دەسێنن".
ئەفغانییەکان زۆرترین ئەزموونی پەناخوازییان لەگەڵ ئێراندا هەیە؛ ناسەقامگیری سیاسی، رەوشی نالەباری ئەمنی و بێکاری و هەژاری پاڵنەری سەرەکی کۆچی ئەفغانییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ