رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ رووسیا پەرە بە هاوکارییەکانیان لە بواری وزەی ئەتۆمی بدەن. ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنیان کردووە بە هاوکاریی مۆسکۆ چەندین وێستگەی ئەتۆمیی نوێ لە ئێران دروست بکەن.
ئەمڕۆ هەینی 26-09-2025 بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، رێککەوتن کراوە بە هاوکاریی رووسیا چوار وێستگەی ئەتۆمیی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە باشووری وڵاتەکە دروست بکرێن.
بنکەیەکی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە شاری بووشەهری باشووری وڵاتەکەیە کە توانای بەرهەمهێنانی 1200 مێگاوات کارەبای هەیە و ساڵی 2014 لەلایەن رووسیا دروستکراوە. کەمالوەندی گوتی: ''پێویستە لەگەڵ رووسیا زیاتر پەرە بە هاوکارییەکانمان بدەین لە بواری وزەی ئەتۆمەوە.''
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئەو چوار وێستگەیەی بڕیارە بە هاوکاریی رووسیا دروست بکرێن، ''گەورەتر دەبن لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر و تێکڕا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات کارەبایان دەبێت.''
رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە پەراوێزی 80ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی چالاکیی ئەتۆمیی رووسیا کراوە. بەگوتەی بەهرۆز کەمالوەندی، ''بۆ دروستکردنی ژمارەیەک وێستگەی ئەتۆمیی بچووکیش [بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا] لەگەڵ مۆسکۆ رێککەوتووین. بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە، هەفتەی داهاتوو تیمێک لە رووسیاوە سەردانی ئێران بکات.''
رێککەوتنی رووسیا و ئێران بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کاتێکدایە کە رۆژی 28-08-2025، سێ وڵاتی ئەورووپی، کە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسان، رایانگەیاند، بڕیاریان داوە میکانیزمی "سناپ باک" بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا کارا بکەن.
میکانیزمی سناپ باک بۆ ماوەی 30 رۆژه، ئەگەر تاوەکو 28ی ئەم مانگە تاران بە رێککەوتنی ئەتۆمی رازی نەبێت، سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکانی بۆ دەگەڕێندرێنەوە.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە نیگەرانن و ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێککهوتننامهی 2015ی پێشێل کردووه، که ئامانج لێی رێگری بوو له تاران بۆئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ