رووداو دیجیتاڵ
رەزی مووسەوی، فەرماندەیەکی باڵا و کاریگەری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو، رۆژی دووشەممە لە هێرشێکی مووشەکیدا لە سووریا کوژرا، بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمنیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە، ئەو رووداوە کاردانەوەی لایەنگرانی سوپای پاسدارانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەدوای رووداوەکە، ئەندام و لایەنگرانی سوپای پاسداران لە شاری سمنان دژی کوشتنی رەزی مووسەوی گردبوونەوە، بە دروشمی جیاواز داوایان لە سەرکردایەتیی وڵاتەکەیان کرد تۆڵەی ئەو فەرماندەیە بکەنەوە.
مووسەوی دوانیوەڕۆی دووشەممە، 25-12-2023، لە هێرشێکی مووشەکیدا کە دەگوترێت، "لەلایەن ئیسرائیلەوە" کراوە، لە نێوچەی زەینەبییەی دیمەشق کوژرا. حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا لەبارەی کوشتنی ئەو فەرماندەیەوە دەڵێت، "راوێژکاری سەربازیی ئێمە شەهید رەزی مووسەوی تاوەکو کاژێر دوو لە شوێنی کاری خۆی بوو لە باڵیۆزخانە. دوای ئەوەی ئێرەی جێهێشت و گەڕایەوە شوێنی مانەوەی لە گەڕەکی زەینەبییە، لە کاژێر 04:10 خولەک بە مووشەکی رژێمی زایۆنی کرایە ئامانج. لە کاتی هێرشەکەدا بە تەنیا بوو و هاوژینەکەشی کە مامۆستایە و لەو کاتەدا لە قوتابخانە بوو."
رەزی مووسەوی بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی و بە ناوی راوێژکاری سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا بووە. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، لە ساڵانی رابردوودا سێ جار هەوڵی کوشتنی دراوە.
جەعفەر ئەسەدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئێران لە سووریا کە ئێستا جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمی سوپایە دەڵێت، ئیسرائیل لە رێگەی ئەو سیخوڕانەی هەیەتی توانیویەتی شوێنی مانەوەی مووسەوی بدۆزێتەوە و لەوە دڵنیابێتەوە لە کاتی هێرشەکەدا لەو شوێنەیە.
زانیاری زۆر لەبارەی رەزی مووسەوییەوە بەردەست نییە، بەڵام ئەوەی دیارە، فەرماندەیەکی باڵا و کاریگەری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و لە کەسانی نزیک و جێی متمانەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقەکە بووە.
مووسەوی پلەی عەمید بووە و وەکو بەرپرسی کاروباری سووریای فەیلەقی قودس ناوی دەهێندرێت. سوپای پاسداران رەزی مووسەوی وەکو بەرپرسی دابینکردنی چەک و پێداویستییەکانی دیکە بۆ هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا دەناسێنێت، بەڵام حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە لوبنانیش ئەو کارەی کردووە."
حکومەت و سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی رەزی مووسەوی لە ئیسرائیل دەکەن، بەڵام وادیارە نایانەوێت وەڵامەکە بە جۆرێک بێت، کاردانەوەی زیاتری بەدواوە بێت.
رەزا تەلایینیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران پەیامێک ئاراستەی ئیسرئیل دەکات و دەڵێت، "کاردانەوە بەو تیرۆرە، زیرەکانە و لێبڕاوانە دەبێت و کاریگەری پێویستی دەبێت. کاردانەوەکە بە شێوازێک دەبێت کە رژێمی زایۆنی نەتوانێت هیچ کەڵکێکی لێ وەربگرێت بۆ ئامانجە ئاڵۆزەکانی خۆی."
ئێران پێشتریش کاردانەوەی هەستیارانەی بە کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی هەبووە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت، نایەوێت شەڕەکە ببێتە راستەوخۆ. حەسەن کازمی قومی، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران پێی وایە، ئیسرائیل بە کوشتنی مووسەوی دەیەوێت کۆماری ئیسلامی رابکێشێتە نێو شەڕی راستەوخۆ. شەڕێک کە رەنگە لەو دۆخەدا دڵخوازی تاران و هاوپەیمانەکانی نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ