گالەری


رۆژی شەممە، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری ستراتیژیی شەهید رەجایی ئێران لە نزیک شاری بەندەر عەباس روویدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 800 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
تەقینەوە سەرەکییەکە بووە هۆی زنجیرەیەک تەقینەوەی بچووکتر لە کۆنتێنەرەکانی دیکەی نێو بەندەرەکە و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە کە تا رۆژی یەکشەممەش بەردەوام بوو.
 
بەندەری شەهید رەجایی بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە دەریاییەکانی ئێران دادەنرێت و دەکەوێتە کەناری باکووری گەرووی هورمزی گرنگ، کە رێڕەوێکی ئاوییە و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا گوزەر دەکات.
 
ئەو بەندەرە بە رووبەری فراوانی 2400 هێکتار و کۆگای زۆر، بە گەورەترین و قەرەباڵخترین بەندەری بازرگانی ئێران هەژمار دەکرێت.
 
هەروەها وەک ناوچەی ئابووریی تایبەت دەستنیشان کراوە و ناوەندێکی سەرەکییە بۆ کاروباری هاوردە، هەناردە و ترانزێتی ئێران، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی 50%ی کۆی بازرگانیی وڵاتەکە و 85-90%ی هاتووچۆی کۆنتەینەرەکان لەخۆدەگرێت.
 
بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئێران و بە پشتبەستن بە نووسینگەی گومرگی بەندەرەکە، پێدەچێت تەقینەوە سەرەکییەکە کەمێک پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە لە کۆگای هەڵگرتنی ماددە کیمیایی و مەترسیدارەکان روویدابێت.
 
دوابەدوای تەقینەوەکە، دەسەڵاتداران داوایان لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە یان ماسک بەکاربهێنن، بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی.
 
هاوکات، کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاندووە کە تەقینەوەکە "هیچ پەیوەندییەکی" بە دامەزراوەکانی ئەوانەوە نییە و کارەکانیان بەردەوامە.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
 
بەندەری شەهید رەجایی بەشێکە لە ناوچەی گەورەی شاری بەندەر عەباس کە نزیکەی 650 هەزار کەسی تێدا دەژین و بنکەی سەرەکیی هێزی دەریایی ئێرانیش لەخۆدەگرێت.
 
ئەو بەندەرە لەگەڵ بەندەری شەهید باهونەری نزیکی، ژێرخانێکی بازرگانی و ستراتیژیی یەکجار گرنگ بۆ ئێران پێکدەهێنن.
 
ئەو ناوچەیە پێشتریش رووداوی دیکەی بەخۆیەوە بینیوە. لە مانگی ئاداری 2024، ئاگرێک لە پاڵاوگەی نەوتی ئەفتاب لە نزیک بەندەر عەباس بووە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک.
 
هەروەها لە مانگی ئایاری 2020، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، بەندەری شەهید رەجایی رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە بووەوە کە کارەکانی پەکخست. پەنجەی تۆمەت لەسەر رووداوەکە بۆ "کاراکتەرە ئیسرائیلییەکان" راکێشرا، هەرچەندە ئێران بە فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردەوە.