ئێران: کەشتییەک بە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیە بە مۆڵەتی ئێمە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئێران رایدەگەیێنێت، کەشتییەکی گەورەی ژاپۆنی کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیەی هەڵگرتبوو، دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران و پێدانی باج توانیویەتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت. دەشڵێت، تاران پرۆسەی وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان جێبەجێ دەکات.
 
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ئەو وڵاتە تانەی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی گەماڕۆی دەریایی بەسەر ئێران دا و بە نمایشێکی گاڵتەجاڕانە ناوی برد.
 
خزریان ئاشکرای کرد، کە نەوتهەڵگرە زەبەڵاحەکەی کۆمپانیای ئیدمیتسۆی ژاپۆنی کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی سعودییەی بارکردبوو، نزیکەی دوو مانگ بوو بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز، لە ئاوەکانی ناوچەکەدا وەستابوو، بەڵام دواجار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای پێدانی تێچووی پاراستنی ئاسایش (باج) رێگەی پێدراوە کە بە تەنگەکەدا تێپەر بێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: ئەو نەوتهەڵگرە گەورەیە لە باشووری دوورگەی لارک، واتە لەناو ئاوە هەڕێمییەکانی ئێرانەوە لە تەنگەی هورمز تێپەڕیوە.
جەختیشی کردەوە کە تاران لەم بارودۆخەدا خەریکی جێگیرکردنی سیستەمێکە کە هەموو کەشتییەکان ناچار دەکاتبۆ تێپەڕبوون پێشوەختە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێران بکەن و باجی تێپەربوونەکەش بدەن.
 
سەبارەت بە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا، عەلی خزریان ئاماژەوە بەوە دەکات، کە بەپێی چاودێریی مانگە دەستکردەکان، تەنیا لە 72 کاژێری رابردوودا 52 کەشتیی ئێرانی کە 31یان نەوتهەڵگر و 21یان کەشتیی بارهەڵگرن، بەبێ گوێدانە گەمارۆکانی ئەمریکا هاتووچۆیان کردووە.
 
باس لەوەش دەکات، کە 30 کەشتی دیکە کە 6یان نەوتهەڵگر و 5یان بارهەڵگر، بەبێ هیچ گرفتێک لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون.
 
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، ئەم داتایانە دەیسەلمێنن کە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ گەمارۆدانی دەریایی ئێران تەنیا جووڵەیەکی بێکاریگەرە و تاران هێشتا کۆنترۆڵی تەواوی رێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی ناوچەکەی لەدەستدایە.
 
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەماڕۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە. 
 
ئەمریکا دەڵێت، گەماڕۆکەی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو رێگە نەدرێت ئەو وڵاتە نەوتەکەی بفرۆشێت و سەرچاوەی داهاتی نزیک بێت لە سفر، بەوەش تاران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت راگرێت، چونکە شوێنی هەڵگرتنی نەوتی نامێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

قالیباف: بە ڤەنزوێللاکردنی ئێران پووچەڵکرایەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵەکانی دوژمن بۆ ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە تەسلیمبوون شکستیان هێناوە. دەشڵێت، نەیارانیان پلانیان هەبووە لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بە سیستەمی سیاسیی وڵات بهێنن، بەڵام ئێستا هێزی مووشەکی و درۆنی ئێران لە هەموو کاتێک بەهێزترە.