لە سێ ساڵدا زیاتر لە 16 هەزار پزیشک ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان جێهێشتووە

30-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سێ ساڵدا زیاتر لە 16 هەزار پزیشکی پسپۆڕ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیان کردووە و هەزارانی دیکەش کارەکانیان گۆڕیوە، ئەوە بە گوێرەی سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پسپۆڕی هەناو لە ئێران.

زیاتر لە پێنج ساڵە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رێکخراوە پزیشکییەکانەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کەمبوونەوەی پزیشکی پسپۆڕ و کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات لێدراوە. بەپێی بەدواداچوونی رۆژنامە نێوخۆییەکانی ئێران، تەنیا مەترسیی کۆچکردن بەرۆکی کەرتی تەندروستیی ئێرانی نەگرتووە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر پزیشکیش ئێستا لە کەرتی تەندروستییدا کار ناکەن. پزیشکێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "کۆچی پزیشکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خێراتر بووە".
 
پزیشکان فریای بژێوییان ناکەون
 
ئەو پزیشکانەی کە خوێندن تەواو دەکەن رووبەڕووی زۆرترین کێشە دەبنەوە. ئەوان دەبێت بچنە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان و لانیکەم دوو ساڵ خزمەت بکەن پێش ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە شارەکان. ئەو پزیشکانە رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کاردەکەن بە مووچەی مانگانەی پێنج ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی 100 دۆلاری ئەمریکی.
 
ژیانی پزیشکان لەنێو شارەکانیش باش نییە و ئەوەش وایکردووە سەرنجی بەشێک لە میدیاکان بچێتە سەر ئەو کەرتە. ئیعتماد کە رۆژنامەیەکی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازەکانی ئێرانە دەڵێت، "ئێستا کەرتی تەندروستیی ئێران بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و لە بەشێکی زۆربەی نەخۆشخانەکان پزیشکی پسپۆڕ دەستناکەوێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە زۆربەی پزیشکە پسپۆڕەکان بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیان کردووە یان روویان لە کارێکی دیکە کردووە تاوەکو بتوانن بە ئاسانی بژێویی خێزانەکانیان دابین بکەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هیچ رێگەچارەیەکی نەگرتووەتەبەر".
 
زیاترین کۆچی پزیشکان بۆ ئیمارات، عوممان و تورکیایە
 
ئیرەج خەسرەویانی، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پسپۆڕی هەناو لە ئێران دەڵێت، "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 16 هەزار پزیشکی پسپۆڕ ئێرانیان جێهێشتووە، هۆکارەکەشی کەمیی مووچە و دابەزینی ئاستی بژێوییان بووە". دەشڵێت، "ئێستا زۆربەی ئەو پزیشکانە لە ئیمارات، عوممان و تورکیا کار دەکەن، لەبەر ئەوەی داهاتی پزیشک لەو وڵاتانە بەراورد بە ئێران بەرزترە".
 
بە گوتەی ئیرەج خەسرەویانی، بەشێکی دیکە لەو پزیشکانە روویان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و ئەوانەش کە توانای کۆچکردنیان نەبووە یان بە هەر هۆکارێک لە ئێران ماونەتەوە، بەشێکیان ئێستا لە دەرەوەی کەرتی تەندروستیدا کار دەکەن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پسپۆڕی هەناو لە ئێران باس لەوە دەکات کە گوزەرانی پزیشکان لە ئێران زۆر نالەبارە و دەڵێت، "پزیشکی پسپۆڕمان هەیە ئێستا شۆفێری تەکسییە؛ بەشێکی زۆر لە پزیشکەکان وازیان لە کارە سەرەکییەکەیان هێناوە و ئێستا بە کاری دیکەوە سەرقاڵن؛ هەندێکیان چوونەتە کەرتی بیناسازییەوە و تەنانەت هەندێکیان چوونەتە بازاڕی دۆلارەوە و لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کار دەکەن".
 
دۆخی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی تەندروستیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دۆخی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان باش نییە و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و کارمەندی تەندروستی بەرۆکی نەخۆشخانە گشتییەکانی هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە. پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دەڵێت، "لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو، لێشاوی کۆچی پزیشکان و کەسانی ئەکادیمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خێراتر بووە".
 
دکتۆر رۆژان شتاب، پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری گشتی رۆژی یەکشەممە 30-7-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژیان و گوزەرانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو خراپی رۆیشتووە".
 
دکتۆر رۆژان شتاب گوتی، "ئێستا زۆربەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و پزیشکانی پسپۆڕی رۆژهەڵاتی کوردستان دەچنە دەرەوەی وڵات بە نیازی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شیاوتر. ئەو گەنجانەی بەشە پزیشکییەکان تەواو دەکەن، هیوایەکی ئەوتۆیان نییە و دامەزراندن بووە بە خزم خزمێنە و تەنیا بۆ کەسانی نزیک لە بەرپرسانە".
 
نەبوونی دەرفەتی کار و کەمی داهات بۆ پزیشکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دەیەیەکە سەری هەڵداوە و پێشتر ئەو پزیشکانە زیاتر روویان دەکردە هەرێمی کوردستان و بەشێکیشیان دەچوون باکووری کوردستان و تورکیا. دکتۆر رۆژان شتاب دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان مەرجەکانی کارکردن بۆ پزیشکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قورس بووە و لە باکووری کوردستانیش بەهۆی قەیرانی داراییەوە چیتر ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن، بۆیە ئێستا زۆر بە کەمی روو لە هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەکەن".
 
بە گوتەی دکتۆر رۆژان شتاب، لە چەند مانگی رابردوودا  "لێشاوی کۆچی پزیشکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خێراتر بووە و زۆربەیان بەرەو کەنەدا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کۆچدەکەن و لەوێ بەدوای ژیانێکی شیاوتردا دەگەڕێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

ئێران بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە رۆژانە 103 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات

لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، ئێران ئینتەرنێت و تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵاتەکە بڕی و سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئینتەرنێت پەیڕەو کرد، ئەو کەسانەشی ئینتەرنێتی ستارلینک بەکاردەهێنن، ئەگەر ئاشکرا ببن دەستگیر دەکرێن.